دوو بنەماڵە لە سلێمانی دەبێتە شەڕیان

:: AM:11:31:18/08/2018 ‌
شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە لە سلێمانی دروست دەبێ بەو هۆیەوە سێ‌ كەس بریندار دەبن و شەش كەسیش دەگیرێن لەلایەن پۆلیسەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئاب، بەشی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی سەربە پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان دوو بنەماڵەوە، لە شارەدێی بازیان سێ‌ كەس بریندار بوون و شەش كەسیش بەهۆی رووداوەكەوە گیران.

لە بەشێكی هەواڵەكە هاتووە، لە شارەدێی بازیانی خۆرئاوای سلێمانی بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان دوو بنەماڵەوە، سێ‌ كەس بریندار بوون و دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەڵگەی تاوان، پشكنین و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كرا و بریندارانیش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، شەش كەس بەتۆمەتی ئەو رووداوە راگیراون و ئێستە لەلایەن بنكەی پۆلیسی بازیانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

كوشتن و ڕووداوی تەقەكردن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 زۆر زیاد بووە، لە ماوەی ڕابردووش لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان هەڵمەتی دەستگرتن بەسەر چەك بەڕێوە چوو.



وشە - رامیار جەواد