فالح فەیاز پشت لە عەبادی دەكات

:: PM:02:48:18/08/2018 ‌
لایەنێكی ناو هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، بڕیاری كشانەوەی لە هاوپەیمانییەكە داوە و دەچێتە ڕیزی هاوپەیمانییەكەی فەتح و نووری مالیكی، ئەمەیش بە فەرمانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

پێگەی "INN" بڵاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، تووشی لەتبوون و دابەشبوونی گەورە دەبێ و زۆرینەی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانییەكە دەكشێنەوە و دەچنە پاڵ هادی عامری و نووری مالیكی، بەهیچ شێوەیەكیش عەبادی خولی دووەمی سەرۆكایەتی حكوومەت وەرناگرێتەوە.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، ئەگەر عەبادی لەگەڵ سەدر و حیكمە و وەتەنییەیش بچێتە ناو هاوپەیمانییەوە، ناتوانێ ببێتە سەرۆك وەزیران، چونكە بە فەرمانی ئێران چەندان لایەنی ناو هاوپەیمانی نەسڕ كۆی كورسییەكانیان لە پەرلەمان دەگاتە 28 كورسی لە هاوپەیمانی نەسڕ جیا دەبنەوە، بەمشێوەیە كۆی كورسییەكانی نەسڕ تەنیا 14 كورسی دەمێنێتەوە.

لە بەشێكی تری هەواڵەكە هاتووە، لە سەرووی هەموویانەوە فالح فەیاز كەسی نزیكی عەبادیش پشت لە عەبادی دەكات، جیا لەوە حزبی ئیسلامی و فەزیڵە و عەتا‌و سەرجەمیان دەكشێنەوە و عەبادی تووشی گرفتێكی گەورە دەكەن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە فالح فەیاز ڕای گەیاندووە، ناكۆكییەكانی ناو هاوپەیمانی نەسڕ و ئەگەری جیابوونەوە زۆر نزیكن و ئەمەیش هەمووی بە فەرمانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د