"تاڵەبانی كوڕ بە بودجەی گشتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات"

:: PM:03:00:18/08/2018 ‌

قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێش وادەی هەڵبژاردن دەستی بە بانگەشە كردووە و سەردانی داودەزگا حكوومییەكان دەكات و  بە ڕای مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی چاودێریش یەكێتی بانگەشەی پێشوەختەی دەست پێ كردووە و ئەوەش بەهۆی ترسە لە كەمبوونەوەی دەنگیان.

سیروان شەریف مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تێكڕای ئیش و كارە حكوومی و حزبییەكان دەبێت بە یاسا ڕێك خرابن، ئەوەی ئێستە هەندێك بەرپرس دەستیان پێ كردووە بانگەشەی پێشەوەختی هەڵبژاردنە، لە كاتێكدا هەر لایەنێك پێشوەختە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكات و بیەوێ ئەو فەرمانگە و دەزگا حكوومیانە بەكاربهێنی و هانی كارمەندانیان بدات تا دەنگ بە حزبێك بدەن، پێشێلكارییە.

بە بۆچوونی ئەم مامۆستایەی زانكۆ حزبی سەركەوتوو دەبێت هەر لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردن، بە كار و چالاكییەكانی دەست بە بانگەشە بۆ چوار ساڵی داهاتووی بكات نەك چەند رۆژ پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردن بكەوێتە خۆی و بیەوێت كەموكورتییەكانی رابردووی بە بانگەشە بشارێتەوە. ئەو دەڵێت "لایەنێك نەتوانێت قەناعەت بە كادر و ئەندامەكانی خۆی بكات، ناشتوانێت قەناعەت بە منی هاووڵاتی بكات."

هاوكات ئەردەڵان هەڵەبجەیی پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوو هۆكاری سەرەكی بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاریشە و گرفتی گەورە بۆ دابەزینی ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی، ئەوانیش مەرگی مام جەلال و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە و جیا لەو دوو هۆكارە دەكرێت فرە مینبەریش لەبیر نەكرێت.

ئەو گوتی "دەبینین پێشوەختە سەرۆكی لیستی سەوز كە جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كەوتووەتە جووڵە و بە بودجەی گشتی دەیەوێت خزمەت بە حزبەكەی بكات، راستییەكەی ئەم جموجۆڵەی ئێستەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەو هەموو نەجووڵانەی ڕابردووی دێت و وەك ئەو قوتابییە تەمەڵەیە تەنیا شەوی تاقیكردنەوە بیری خۆ ئامادەكردنی دەكەوێتەوە، پێم وایە خەڵك هەموو شتێك دەزانێت و ئەو جموجۆڵەی تاڵەبانی كوڕیش باش دەخوێننەوە."

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سلێمان تاشان