سزاكانی ترەمپ.. سزا ئابوورییە لاوەكییەكان كەی كاریگەر دەبن؟

:: PM:07:33:18/08/2018 ‌

لایەنی ئابووری بووەتە یەكێك لە ئامرازە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی زۆرێك لە هێزەكانی دنیا بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە جیۆسیاسییەكانیان و خزمەتگەیاندن بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانیان و پاڵپشتیكردنی ئاسایشی نەتەوەییان. 

بەڕێوەبردنی ئەو ئامرازە، بە تایبەتی سزا ئابوورییەكان، بووەتە پێكهاتەیەكی سەرەكی لە سیستەمی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا زیاتر لە سەرانی تری ئەو وڵاتە، چونكە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك ئەو ئیدارەیە هەستاوە بە فرەوانكردنی سزاكانی ئابووری لە ململانێكانی لەگەڵ كۆریای باكور و رووسیا و كۆبا و ئێران و ڤەنزوێلا، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر میانمار دەكات بەهۆی تەنگژەی رۆهینگیا لەو وڵاتە، ئەوەیش بە پێی دەسەڵاتەكانی یاسای "گڵۆباڵ ماجنیتسكی" كە رێگە بە ئەمەریكا دەدات بۆ بلۆككردنی پارەی وڵاتان و قەدەغەی پێدانی ڤیزا بە كەسایەتییەكان بە پاساوی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە. 

بۆیە سزا ئابوورییە لاوەكییەكان بوونەتە ستراتیجیەتێكی ئەمەریكایی بۆ زیادكردنی كاریگەریی سزاكان بۆ سەر كۆریای باكور و رووسیا، كە ئەو وڵاتانە بە مەبەستی پتەوكردنی كاریگەری سزا سەرەكییەكانیان كە بەسەر وڵات و رێكخراو و تاكێك سەپاندوویانە، پەنای بۆ دەبەن و تایبەتمەندی دیاریكراوی هەیە.

جا لەبارەی كاریگەری ئەو جۆرە سزایانە جۆن فۆریر، بەڕێوەبەری پەیمانگەی بەرپرسیارەتی كۆمپانیاكان راپۆرتێكی بە ناونیشانی "سزا ئابوورییە لاوەكییەكان: سیاسەتێكی سەركەوتوو یان كارێكی مەترسیدار؟"، ئامادە كردووە ئەنجوومەنی ئەتلەنتی لە نیسانی 2018 بڵاوی كردووەتەوە كە تیایدا دوو بۆچوونی بڵاو لەبارەی كاریگەری ئەو جۆرە سزایە دەخاتە روو و كاریگەری و مەرجی كاریگەربوونیان روون دەكاتەوە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران كە لە 2015 هاتە واژووكردن.

سزا لاوەكییەكان چین؟
سەرەتا فۆریر ئاماژە بۆ دەستەواژەكە دەكات كە بریتییە لەو جۆرە سزا ئابوورییانەی كە دەخرێنە سەر سزا سەرەكییەكان بە مەبەستی چڕكردنەوەی سزاكان بۆ سەر وڵاتی سزادراو و چەند كۆرە ستراتیجیەتێك هەن لەوانە:

یەكەم/ فرەوانكردنی چوارچێوەی ئامانجەكان، ئەوەیش لە رێگەی قەدەغەی هەناردن و هاوردەكردنی بەرهەمی زیاتر و فرەوانكردنی لیستی ئەو كەسایەتییانەی رووبەڕووی قەدەغەی گەشتكردن دەبنەوە یان بلۆككردنی پارە، وەك توندكردنی سزاكانی سەر ڤەنزوێلا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ بە كۆتكردنی فرۆشتنی حكوومەتەكەی بۆ سەنەدەكان لە بازاڕی دراوی ئەمەریكا.

دووەم/ زیادبوونی بەشداری فرەلایەنی، ئەوەیش لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانەوە یان هاوئاهەنگیكردن لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بۆ نموونە نەتەوە یەكگرتووەكان لە 2006ەوە نۆ جار بڕیاری سەپاندنی سزای بۆ سەر كۆریای باكور دا و سنووری سزاكانی فرەوانتر كرد، بەڵام بەو پێیەی كۆریای باكور پێوەندی باشی لەگەڵ چەند وڵاتێكی ئەفریقیایی هەبوو، ئەوان پێوەی پابەند نەبوون، بۆیە ئیدارەی ترەمپ پاڵەپەستۆی دیپلۆماسی خستە سەر ئەوان بۆ ناچاركردنیان بۆ پابەندبوون بەو سزایانە.  

سێیەم/ سەپاندنی سزای ئابووری لە دەرەوەی سنووری هەرێمایەتییەوە، ئەو وڵاتەی سزا دەدات بۆی هەیە سزاكان بخاتە سەر كۆمپانیا جیهانییەكانی نائەمەریكایی، وەك بوونی یاسای هیڵمز-بێرتن كە لە 1996 لە سەردەمی بیل كلنتنی سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا دەرچووە و باس لە سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیا نائەمەریكاییەكان دەكات.

چوارەم/ سەپاندنی سزای لاوەكی، دەوڵەت دەتوانێت سزا بخاتە سەر كۆمپانیا و كەسایەتییەكان لە وڵاتانی تر بۆ مامەڵەكردنی بازرگانی لەگەڵ هاووڵاتی و كۆمپانیاكانی وڵاتی سزادەر وەك ئەمەریكا، ئەوەیش بەمەبەستی لاوازكردنی پێوەندیی ئابووری ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سزا ئابوورییە بنەڕەتییەكانەوە.

مەرجەكانی كاریگەربوونی سزا لاوەكییەكان:
1-وڵاتی سزادەر كۆنترۆڵی ئوسوڵە بازرگانییە سەرەكی و دەگمەنەكان بكات كە لە شوێنی تری دنیا دەست نەكەوێت.
2- رێگرتن لە وڵاتی سزادراو لە گەیشتن بەو ئوسوڵە بازرگانیانە ، لەگەڵ بوونی ئەگەری سنووردار بۆ ئالوگۆڕی.
3-رێگرتن لە گەیشتنی دەستی وڵاتی سزادراو بەو ئوسوڵە بازرگانیانە ببێتە هۆی زیانكردنێكی ئابووری بە پەلە و دیار یان زیان لەسەر ئاستێكی نزیكدا. 
4-زیانەكانی بەر وڵاتی سزادراو دەكەوێت گەورە و بەردەوام بێت.
5- وڵاتی سزادەر خاوەن هێزێكی گەورە و فرە لایەنە بێت.
6- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا سەیری وڵاتی سزادراو بكات كە كێشەیەكی نێودەوڵەتی گەورەیە.

لە حاڵەتی ئێران، هەوڵە هاوبەش و گشتییەكانی ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا بۆ رێگرتن لە كاری بانكە بازرگانییەكان كە مامەمەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن لە گەیشتن بە سیستەمی بانكی رۆژئاوایی، رێگری لە ئێران كرد لە گەیشتن بە خزمەتگەزارییەكانی بانكی جیهانی و توانیان كاریگەری وێرانكەر بخەنە سەر ئابووریەكەی. 

لە كۆتادا فۆریر دووپاتی دەكاتەوە كە سزا لاوەكییەكان توانای وڵاتان بۆ زیانگەیاندن بە ئابووری وڵاتانی سزادراو زیاتر دەكات، بەڵام هاوكات چەندان مەترسیان هەیە لەوانە دروستبوونی ململانێ لەگەڵ هاوپەیمان و نەیاران، بۆیە پێویستە پێویستە ئەو كات بە بژارەیەك حسێب بكرێت كە سزای سەرەكی ئابووری هەبوو، بەڵام لە دۆخێكی گونجاودا و ئەگەر ئەو جۆرە سزایە بە هەڵە هاتە بەكارهێنان زیانی لە سوودەكانی زیاتر دەبێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل