دەستی دەرەكی و كێبەركێی پۆست ناوماڵی سوننە و شیعە دەترازێنن

:: PM:11:23:18/08/2018 ‌

لەو كاتەی هێزە براوەكانی عێراق چاوەڕوانی دادگای فیدراڵن بۆ پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدانی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پاڵەپەستۆی دەرەكی و ململانێی پۆستە باڵاكان خەریكە هاوپەیمانییە سوننە و شیعەكان دەترازێنێت.

هەفتەی رابردوو شەش لایەنی سەرەكی و براوەی سوننەی عێراق لە هاوپەیمانیەتییەكی فرەوان خاوەن 54 كورسی كۆ بوونەوە، بەڵام ئەوەندەی نەبرد بەهۆی هەڵوێستیان بۆ چوونە هاوپەیمانیكردن بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان كەوتنە بەر پاڵەپەستۆی دەرەكی، هاوكات بەهۆی ململانێی لایەنەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە پشكی سوننەیە، چاوەڕوان دەكرێت ئەو هاوپەیمانییە هەڵبوەشێتەوە.

لەو كاتەی هاوپەیمانی تەوەری نیشتیمانی رای گەیاند كە سبەی یەكشەم هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان ئاشكرا دەكەن، عەلی بدێری پەرلەمانتاری پێشوو پێشبینی دەكات لە چەند رۆژی داهاتوو هاوپەیمانیەتییەكە لەلایەن ژمارەیەك سەرانی سوننە خۆیان هەڵبوەشێتەوە. 

زیاتر گوتی، ئەو هاوپەیمانیەتییە لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان و دەستكەوتی دارایی لە كاتی پێكهێنانی حكوومەت دامەزراوە، بۆیە بە قۆناغی هەڵوەشانەوە تێپەڕ دەبێت بەهۆی ناسازانی ئەوان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، جیا لەوەیش زۆرینەیان هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو وەزارەتانە دەدەن كە دەستكەوتی دارایی تیادایە، بۆیە بەهۆی بوونی ترازان و ناكۆكی بۆچوون پێشبینی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەكە دەكەین.

لای خۆیەوە كامل غرێری، سەركردەی سوننە لەو بارەوە دەڵێت، كێشە و ناكۆكی گەورە لە نێوان پێكهاتەكانی تەوەری نیشتیمانی هەیە كە شەش سەركردەی سوننە سەركردایەتی دەكەن و كێبەركێی وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی سوننە دەكەن لەوانە دەستگرتنی ئوسامە نوجێفی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

ئەمڕۆ واسق هاشمی، سەرۆكی سەنتەری عێراق بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی ئاشكرای كرد كە هەریەك لە سعوودیە و قەتەڕ و ئیمارات و توركیا لە چەند سعاتی رابردوو رێگریان كردووە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی گەورەی پەرلەمانی عێراق نزیك لە ئێران.

زیاتر گوتی، بەر لە دوو رۆژ هاوپەیمانیەتی تەوەری نیشتیمانی (سوننە خاوەن 54 كورسی پەرلەمان) لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری كۆ بووەوە و ئاماژەیان كرد كە بە 192 كورسی پەرلەمان گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانن.

زیاتر گوتی، بەڵام لە هەمان شەودا پاڵەپەستۆیەكی زۆر لە دەرەوەی عێراق، بەتایبەتی لە لایەن سعوودیە و قەتەڕ و ئیمارات و توركیا خرایە سەر بەرەی سوننە بۆ پێوەندی بەستن لەگەڵ هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی و سائیروون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم، بۆ ئەوەی ئەوان ببنە فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان، بەڵام دواتر سوننە پاشەكشەیان كرد و رایان گەیاند كە سبەی یەكشەم بۆچوونی كۆتایی خۆیان رادەگەیەنن لەو بارەوە.

ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد كە ململانێكانی سعوودیە و قەتەڕ كاری كردووەتە سەر هەڵوێستەكانی بەرەی سوننە لە عێراق، بەتایبەتی لە دیاریكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە هەریەك لە ئوسامە نوجێفی و محەمەد حەلبووسی كاندیدن، بۆیە ئەگەر نەتوانن یەكلای بكەنەوە رەنگە لە چەند سعاتی داهاتوودا هاوپەیمانەكە دووچاری ترازان بێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو بەنگین رێكانی نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لە لێدولنێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستەكان، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی هەڵدەوەشێتەوە و نزیكەی سی كەسایەتی لە لیستی هاوپەیمانیەتییەكە جیا دەبنەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل