یەكگرتوو: پڕۆژەی چوار لایەنەكە و پارتی و یەكێتی لە یەكتر دوور نییە

:: PM:04:05:19/08/2018 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، پڕۆژەی چوار لایەنەكە لەگەڵ پڕۆژەی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا لێك دوور نییە و ڕەنگە تەنیا چەند مادەیەك لە ناوەڕۆكدا دوور بن.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاب/ ئۆگستس، بەهزاد دەروێش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چوار لایەنە ناڕازییەكە پڕۆژەیەكی نیشتمانی خۆیان هەیە بۆ گفتوگۆكردن و ئامادەی هەر كۆبوونەوەیەكیشن لەگەڵ پارتی و یەكێتی ئەنجامی بدەن.

زیاتر گوتی، پڕۆژەی چوار لایەنە نیشتمانییە و بۆ گفتوگۆكردن ئامادە كراوە تا لەسەر ئەو بنەمایە یەكڕیزی ناوماڵی كورد دروست بێت و بە فراكسیۆنێكی هاوبەشیش كورد بچێتەوە بۆ بەغدا.

بەرپرسەكەی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پڕۆژەی چوار لایەنەكە لەگەڵ پڕۆژەی پارتی و یەكێتی ڕەنگە زۆر جیاوازی نەبێت، جگە لە چەند مادەیەكی ناوەڕۆك كە ئەوەیش جێی گفتوگۆكردنە.

دەروێش لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بە پێویستی زانی كورد بە یەك تیم بچێتەوە بۆ بەغدا و لەوبارەیەوە گوتی، پێشتر ڕاستە كورد لە بەغدا یەك فراكسیۆنی نەبوو، بەڵام لە هەڵوێستە نیشتمانییەكاندا هاوهەڵوێست بوون و پێویستە ئەمجارەیش بە كۆدەنگی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.

چوار لایەنی ناڕازی كە پێكهاتوو لە بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دوای دەربڕینی ناڕەزای زۆر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئێستە پڕۆژەیەكیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی و یەكێتی ئامادە كردووە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆ ببنەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم