شارەزایەك: كورد لە نێوان سەدر و مالیكی رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت

:: PM:08:39:19/08/2018 ‌

واسق هاشمی شرۆڤەكاری سیاسی دووپاتی دەكاتەوە كە پارتە كوردییەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان لە پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان لە نێوان دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر دەبێت.  

هاشمی لەو بارەوە بۆ "ئەلمەعلوومە" گوتی، سەدر بە مەبەستی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترین لە بەغدایە، ئەوەیش دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵەوە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا مالیكی و سەدر لە كێبەركێدان بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن. 

زیاتر گوتی، هەریەك لە سائیروون و دەوڵەتی یاسا لە رێگەی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی كردووپانە ژمارەیەكی یەكسانی كورسی پەرلەمانیان هەیە، روونی كردەوە، بۆیە پارتە كوردییەكان دەبنە بەردی تەرازوو بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخەكە لە نێوان سەدر و مالیكی بۆ پێكهێنانی فراكسیۆن گەورەترین.

ئەمڕۆ شاندێكی تەوەری نیشتیمانی كە هاوپەیمانی شەش هێزی سوننەی براوەی هەڵبژاردنە سەردانی هەولێریان كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و هەردوو شاندی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن بەر لە راگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان بۆ چوونە پاڵ سەدر یان مالیكی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل