بەسڕە دەبێتە شاری كارەساتبار..دوو هەزار كەس گەیەنرانە نەخۆشخانە

:: AM:11:03:25/08/2018 ‌

لە كاتێكدا دوو مانگە خۆپێشاندان دەكەن و لە چاوەڕوانیدان حكوومەت بەڵێنەكانی بباتەسەر و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكانیان و هەلی كاریان بۆ دابین بكات، بەڵام بەڵێنە میدیایییەكان عەبادی بەسڕاییەكانی لە چاوەڕوانی دووچاری دەیان نەخۆشی كردووە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیان.

بەهۆی پیسبوونیەوە دوو هەزار كەس رەوانەی نەخۆشخانە كراون
پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە بەسڕە، كارەساتێكی تەندروستی لێ كەوتووتەوە و بەهۆیەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ شەموو 25ی ئاب/ ئۆگستس زیاتر لە دوو هەزار كەس رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، ئەمەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بەسڕە و نەخۆشخانەكانی ناچار كردووە داوای پێداویستی زیاتری پزیشكی بكەن.

نەشوان عەبوودی پزیشك لە نەخۆشخانەی ئەبو خەسیب لە بەسڕە دەڵێ، فەرمانگەی تەندروستی بەسڕە ماوەی چەند رۆژێكە لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی بەسڕە و ئەنجوومەنی پارێزگا و فەرمانگەی گشتی ئاو لە بەغدا لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی شارەكە، بەتایبەت هی نەخۆشخانەكان كە رۆژانە پێشوازی لە سەتان نەخۆش دەكەن كە دووچاری سكچوون و رشانەوە بوون بەهۆی پیسبوونی ئاو.

نەشوان روونی كردەوە تا ئێستە نەخۆشخانەكانی بەسڕە پێشوازییان لە هەزار و 500 حاڵەتی تووشبوو بە سكچوون كردووە، ئەمە جگە لە نەخۆشییەكانی تر كە پیسبوونی ئاو هۆكارە. گوتی "تیمی لێكۆڵینەوە لە دەرئەنجامی بەدواداچوون بۆیان دەركەوتووە ئاوی خواردنەوەی ماڵان هیچ كلۆرێكی تێ ناكرێت، بەو مانایەی هیچ پاك ناكرێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە سەرچاوەكانی پاككردنەوەی ئاو یاری بە چارەنووسی ئەو خەڵكە دەكرێت".

فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری پێشتری شارەكە دەڵێ، بەسڕە بە چەقۆی شكستی حكوومەتەوە وا دەمرێت، گوتی "پیسبوونی ئاو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی نەخۆشییەكان، كەچی حكوومەت هیچ وەڵامێكی نییە".

ژمارەكان هۆشداری دەدەن
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی لەبارەی پیسبوونی ئاوی شەتولعەرەب و رووبارەكانی دەڕژێنە ناو بەسڕە، بڵاو كراونەتەوە، ئاماژەی مەترسیدارن بەتایبەت كاتێك باس لە پیسبوونی زیاتر 80%ی شەتولعەرەب و رووبارەكانی ناو بەسڕە دەكرێت كە حكوومەتی خۆجێی ئەو شارە رای گەیاندووە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، پاككردنەوەی شەتولعەرەب و رووبارەكانی تر پێویستی بە 25 ساڵ هەیە بەگوێرەی پلانێكی تۆكمەی پاككردنەوە.

لەكاتێك بەسڕە بە ڤێنسی رۆژهەڵات ناوی دەركردبوو بەهۆی هەبوونی ئاوێكی زۆر لەناو شارەكە، بەڵام بە وشكبوونی ئاوەكە، پاشماوەكەی بووەتە هەڕەشە بەسەر شارەكەوە.

جاسم ئەسەدی شارەزای ژینگە دەڵێ، ئەو رێژە بەرزە هەڕەشە لە گەڕەكە ئاوییەكانی بەسڕە دەكات كە بە تەواوەتی چۆڵ ببن ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستە بمێنێتەوە، بەتایبەت كاتێك شەتولعەرەب بە بەرچاوی هەمووان وا وشك دەبێت، ئەمە جگە لە قڕانی ماسییەكانی ناوی بەهۆی پیسبوونی ئاوەكەی لە دەرئەنجامی نەوتی دزە پێكراوی كەشتییەكانی ناو كەنداوی عەرەبی و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێی ئاوەكە كە كاریگەری گەورەی لەسەر كشتوكاڵی شارەكە داناوە.

ئەسەدی گوتی "دەسەڵاتداران هیچ هەنگاوێكی كردەیییان بۆ چارەسەری ئەو تەنگژە گەورەیە هەڵنەگرتووە كە بووەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر پارێزگاكە، تەنانەت چارەسەری ئەوەشیان نەكردووە كە ئێران رۆژانە ئاوی قورس تێكەڵ بە شەتولعەرەب دەكات، بەمەش رێژەی خوێیەكەی زیاد دەكات كە بەهۆیەوە هەرچی گیانداری ناو ئاوەكەیە مردوون".

تەنانەت بەرزبوونەوەی رێژەی خوێی ناو شەتولعەرەب، وایكردووە خەڵكی شارەكە بێبەش ببن لە ئاوی پاكی خواردنەوە، ئەمەش ناچاری كردوون ئاوی كانزایی بۆ خواردنەوە بكڕن.

خۆپێشاندان فریایان نەكەوت
ئەگەرچی لە هەشتی تەمووز/ یۆلیۆی رابردوو لە بەسڕە خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە و خۆپێشاندەرانیش داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان و دابینكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی شارەكە دەكەن، بەڵام حكوومەتی عێراق تەنانەت ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكی شارەكەشی دابوو هێشتا هیچی جێبەجێ نەكردووە.

تازەترین بەڵێنی حكوومەت لەسەر زاری ئەسعەد عیدانی پارێزگاری شارەكەیە كە دەڵێ، ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەڵێنی بە عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوە كە ئاوی دیجلە بەربداتەوە ئەگەر بەنداوی ئەلیسۆی نوێ پڕ ئاویش نەبووبێت، بەمەش كێشەی وشكایی لە پارێزگاكانی باشوور چارەسەر دەبێت.

قسەكانی عیدانی لە كاتێكدایە تا ئێستە حكوومەتی عەبادی زیاتر لە 40 بەڵێنی بە خۆپێشاندەران داوە، بەڵام هیچی بەجێ نەگەیاندووە، وەك مجیب حسانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە گومان لەو بەڵێنە تازەیەی حكوومەت دەكات، دەڵێ پێشتر دەیان بەڵێنی لەوەی ئێستە ئاسانتری داوە و جێبەجێی نەكردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە ئاماژەی بە دابینكردنی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار كرد بۆ بەسڕە لە سەرەتای خۆپێشاندانەكان بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی بەسڕە، كە پرسی كەمی ئاوی خواردنەوە و باشتركردنی یەكێك بوو لە داواكارییەكان. گوتی "روونە بەڵێنەكانی حكوومەت تەنیا لێدوانی میدیایی بووە، بۆیە دوو مانگە هیچ نەكراوە".

نەخۆشییە مەترسیدارەكان
جگە لەوەی هەزار و 500 كەس بەهۆی سكچوونەوە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماژەكان كۆمەڵێك نەخۆشیی تر تووشبووانیان بە رێژەی بەرچاو زیادی كردووە، لەوانە شێرپەنجە.

سەعد روبێعی پزیشك لە نەخۆشخانەی فەیحای گشتی دەڵێ، گرێی شێرپەنجەیی و پەككەوتنی گورچیلە و نەخۆشیی تری پێستی، لەو نەخۆشییانەن كە تووشبووانیان روو لە زیادبوونە كە پیسبوونی ئاو یەكێكە لە هۆكارەكانی.

جێی باسە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی فەرمانگەی تەندروستی بەسڕە، مانگانە زیاتر لە 50 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە شارەكە تۆمار دەكرێت، بەمەش بەسڕە پێشەنگی پارێزگاكانی عێراقە لە تۆماركردنی نەخۆشیی شێرپەنجە، زۆرینەی ئەو نەخۆشانەش بەهۆی نەبوونی دەرامەتەوە، نەخۆشەكانیان بۆ نەخۆشخانەكانی حكوومەت دەبەن، بەڵام سەعد روبێعی دەڵێ لە نەخۆشخانەكانی حكوومەت ئامێری پێویست و دەرمانی پێویست نییە، تەنانەت رەنگە تا تووشبوو نۆرەی چارەسەری دێت، گیان لە دەست بدات.

ستار عیدان یەكێكە لە دانیشتووانی شارەدێی سیبە، لە رێی چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی وەستابوو. ئەو كە خێزانەكەی بە دەورییەوە بوون، نیشانەی هەژاری لە رووخسارییەوە دیاربوو، ئەمەش هۆكار بووە بە قسەی پزیشكەكان كە نەیتوانیوە زوو سەردانی نەخۆشخانەكان بكات تا ئەو كاتەشی سەردانی كردووە، نەخۆشییەكەی كە گرێیەكی شێرپەنجە بە دەوری قۆڵۆنییەوە، بە تەواوەتی بڵاو بووبووەوە.

كچەكەی دەڵێ پزیشكەكان پێیانیان گوتووە هۆكاری تووشبوونی باوكی بەو نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی ئاو. گوتی "ئێمە ئاوی بیرەكان دەخۆینەوە و توانامان نییە ئاوی پاك دابین بكەین".

پزیشكان دەڵێن نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییە درمەكان لە شارەدێ و شارۆكەكان زۆر زیاترە بەهۆی هەژارییان كە ناتوانن ئاوی كانزایی خاوێنكراو بكڕن، ئەو ئاوەشی بەكاری دەهێنن پیس بووە بەهۆی ئەو نەوتەی لە بۆڕییەكانەوە دەدزرێت كە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل دەبێت و بە شێوەیەكی زۆر سەرەتایی دەیپاڵێون و پاشماوەكەشی تێكەڵ بە شەتولعەرەب دەبێت، لێرەوە ئاوی شەتولعەرەب پیس دەبێت و پاشان لە رێی پڕۆژەكانی ئاودێرییەوە دەچێتە شارەدێ و گوندەكان.

جگە لە نەخۆشیی شێرچەنجە، ئەوا نەخۆشیی وشكبوونی گورچیلەكانیش بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكان یەكێك لە هۆكارەكانی پیسبوونی ئاوە كە وا دەكات گورچیلەكان وشك ببن.

جێی باسە بەسڕە سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراقە، پیسبوونی ئاوەكەی هەڕەشەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی كە دەروازەی ئابووری و پایتەختی ئابووری عێراقە چ لە رووی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، چ لە رێی بەندەرەكانی كە ساڵانە پێشوازی لە زیاتر لە 40 ملیۆن تۆن كەلوپەل و پێویستی پارێزگاكانی تری عێراق دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق