تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی رەخنەی رژد دەكرێتەوە

:: AM:09:58:13/10/2016 ‌
پاش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەیان، تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن چاودێرانی سیاسی و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، رووبەڕووی رەخنەی توند دەكرێنەوە.

دوێنێ‌ چوارشەم 12ی تشرینی یەكەمی 2016، تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە، بەڵام بەهۆی ناڕۆشنی ئامانج و نەبوونی هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە، رووبەڕووی رەخنەی رژد بوونەوە.

مەم بورهان قانع نووسەر و رۆژنامەنووس كە یەكێك لە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە هەڵبژاردنی پێشوودا، رای گەیاند، "بەیاننامەكە هەڵوێستێكی كۆنكرێتی و یەكلاكەرەوەی تێدا نییە، بۆ نموونە ئایا تاكەی لەم حكوومەتەدا دەمێننەوە یان بە نیازی چین؟".

مەم قانع كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەو رووەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و دەڵێ‌، "ئەم بەیاننامەیە دەكرا لە هەمان رۆژدا، واتە لە 12ی تشرینی یەكەمی 2015 بڵاو بكرایەتەوە كە لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمدا دوور خرانەوە و پێویستی بە ساڵێك چاوەڕوانی نەدەكرد".

لە خاڵی چوارەمی بەیاننامەكەی تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، "بزووتنەوەی گۆڕان بە تەنیا 16 كاربەدەست بە پلەی وەزیر تا بەڕێوەبەری گشتی بەشدار بووە كە دەبوو بەپێی قەبارە و رێژەی دەنگەكانی لەم كابینەیەدا بەشداربوونایە"، بەڵام وەك مەم قانع دەڵێ‌، "دەبوو لە پێش پێكهێنانی ئەم كابینەیەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەو قسانە بكرانایە و ئەگەر بەشداریكردنەكەتان لاواز بووە، وەك لە بەیاننامەكەتاندا هاتووە، "بەپێی قەبارە و رێژەی دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەم كابینەیەدا نەبووە، بۆچی قبووڵتان كرد و بەشدار بوون؟ وەك چۆن دەمێكە كورد گوتوویەتی: "لەدوای باران، فەرەنجیم بۆ چییە".

لە كۆتای نووسینەكەشیدا ئاماژە بە خاڵی شەشەمی بەیاننامەكەی تیمی وەزاریی گۆڕان دەكات كە دەڵێ‌، "دوای دوورخستنەوەمان بەو شێوە نادیموكراسی، نایاسایی، ناسیاسییە، ئیتر هیچ مانایەك نەماوە بۆ كشانەوە لە پۆستەكانمان"، بەڵام مەم قانع دەپرسێ‌، "ئایا دوای ساڵێك گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە بەشێوەی نادیموكراسی و نایاسایی و ناسیاسی دوور خراونەتەوە؟ ئایا دوای ساڵێك گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەكەی كە ئیتر هیچ مانایەك نەماوە بۆ نەكشانەوە لە پۆستەكانتان؟". 

زیاتر دەڵێ‌، "گریمان دوای ساڵێك گەیشتوونەتە ئەو دوو باوەڕەی سەرەوە، ئەی كەی بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدەن!؟ لەكاتێكدا بەیاننامەكەتان هیچ بڕیار و هەڵوێستێكی كۆنكرێتی و یەكلاكەرەوەی تێدا نییە و رەنگە زیاتر لە نیوەی وشەكانی ناو بەیاننامەكە زیادە بن".

بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەبوونی هەڵوێستێكی روون لە مامەڵەكردن لە بەرامبەر حكوومەت، پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی كوردستاندا، رووبەڕووی رەخنەی رژد دەكرێتەوە، ئەو حزبە سیاسییە، سەرەڕای دوورخرانەوەی وەزیرەكانی لە حكوومەتدا، سەرەڕای ئەوەی پێی وایە حكوومەت شكستی هێناوە، بەڵام لەلایەكی تردا پێداگیری لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و دەست بەكاربوونەوەیان لە حكوومەتدا دەكات.

وشە/ ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح