فازڵ میرانی پشتڕاستی هەواڵێكی "وشە" دەكاتەوە

:: PM:02:19:12/12/2016 ‌

سكرتێری مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حزبەكانی كوردستان، پشتڕاستی هەواڵێكی "وشە" لەبارەی هۆكاری سەردانی نەكردنی شاندی پارتی بۆ سلێمانی بە ئامانجی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، دەكاتەوە.

دوێنێ‌ دووشەم "وشە" لە هەواڵێكدا هۆكاری سەردانی نەكردنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سلێمانی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕانی ڕوون كردەوە و ئاشكرای كرد، هۆكاری دەست پێ نەكردنی كۆبوونەوەكان بەهۆی پێشوازی كردنی یەكێتی لە كۆبوونەوەی پارتە سۆشیال دیموكراتەكانە و سەرقاڵ بوونیان بەم كۆبوونەوەیە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكان دەست پێ بكاتەوە. 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی لەگەڵ بەرەی توركمانی كوردستان سەرۆكی شاندنی پارتی ڕایگەیاند، یەكێتی ئێستە لە كۆبوونەوەدایە لەگەڵ حزبە سۆشیال دیموكراتەكان چاوەڕوانی وەلامی ئەوان دەكەین، تا لە سەر دۆخی هەرێمی كوردستان لەگەڵیاندا كۆ ببینەوە.

هەروەها گوتی، دوای یەكێتی بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆ دەبینەوە، ئێمە لەگەڵ هەردووكیان بەیەكەوە كۆ نابینەوە، هەروەها نە ئێمە نە بزوتنەوەی گۆڕان و نە یەكێتی مەرجی پێشوەختەمان نیە بۆ كۆبوونەوە.

سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنە كوردستانییەكان دوای پەیامەكەی رۆژی شەموو 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر دێ، كە ئاراستەی ڕای گشتی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێكبهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.
دوای بڵاوكردنەوەی ئەم پەیامە حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێشوازیان لە ناوەرۆكی پەیامەكە كرد و بە هەنگاوێكی باشیان زانی بۆ دەست كردنەوە بە دانوستاندن و كۆتاییهێنان بە تەنگژەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد