گه‌نجێكی سنووری پارێزگای دهۆك، جانتایه‌كی زۆری پاره و زێڕی دۆزییه‌وه و بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه، پۆلیسی دهۆكیش سوپاس و ستایشی گه‌نجه‌كه ده‌كه‌ن.
هێمن سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی پۆلیسی دهۆك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، گه‌نجێكی شاری دهۆك به ناوی ئامه‌د عه‌بدولكه‌ریم جانتایه‌كی پڕ له زێڕ و پاره‌ی دۆزیوه‌ته‌وه و دواتر پۆلیسی ئاگاداركردووه‌ته‌وه و پاره و زێڕه‌كه‌ی ڕاده‌ستی ئێمه كردووه، پاشان خاوه‌نه‌كه‌یمان دۆزییه‌وه و سه‌رجه‌م پاره و زێڕه‌كانی پێ دراوه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی دا، جانتاكه بڕی هه‌زار و 900 دۆلار و 300 هه‌زار دیناری عێراقی و 17 پارچه زێڕ و چه‌ندان به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌تی تێدا بووه، بڕی زێڕه‌كه و سه‌رجه‌می پاره‌كان ده‌گاته 10 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئه‌و پاره و زێڕانه هی هاووڵاتییه‌كی كریستیانی سنووری پارێزگای دهۆك بوون.
به‌گوته‌ی خاوه‌نی پاره و زێڕه‌كه، جانتاكه له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته خواره‌وه و ئاگاداری نه‌بووه، پاشان ئامه‌د جانتاكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه ڕاده‌ستی پۆلیسی كردووه، دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی پاره و زێڕه‌كان به هاووڵاتییه‌كه كریستیانه‌كه زۆر خۆشحاڵ بووه و سوپاسی زۆری گه‌نجه‌كه‌ی دهۆكی كردووه.
دهۆك/نه‌وزاد هلۆری.