دهۆك.. ئەم دوو ژنە لە كەمپێكی ئاوارەكان خۆیان سووتاند

:: PM:05:42:11/09/2018 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 11ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە دوو كاتی جیاواز دوو ژن لە ناو كەمپی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك خویان سووتاند و تا ئێستە هۆكاری رووداوەكان ڕوون نەكراوەتەوە.

باسم شنگاڵی هاووڵاتییەكی كەمپی كەبەرتووی سنووری پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دوو ژن لە ناو كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لە دوو كاتی جیاواز خۆیان سووتاندووە.

ڕوونیشی كردەوە كە رووداوی یەكەم لە ناو كەمپی كەبەرتووی یەك بووە كە ئەویش خۆ سووتاندنی ژنێك بووە و نەوتی بەخویدا كردووە و گیانی لەدەست دا. ژنەكە خەڵكی كۆمەڵگای خانەسووری سەر بە شارۆكەی شنگالە.

ئەوەیشی خستەڕوو كە رووداوی دووەم خۆسووتاندنی ژنێكی تر بووە لەناوە كەمپی ئیسیان. ژنەكە خەڵكی گوندی گرزەركای سەر بە شارەدیێ گردعوزێر بووە و ئەو دوو ژنە وەك ئاوارە لەو كەمپانەدا ماوەی چوار ساڵە دەژین، بەڵام تا ئێستە هۆكاری هەردوو رووداوەكە ئاشكرا نەكراوە.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 27 كەمپی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەر هەیە و ئەم ساڵ رووداوەكانی خوكوشتن و خۆسووتاندن لەنا كەمپی ئاوارەكاندا زیادی كردووە.

دهۆك/  نەوزاد هلۆری





وشە - سه‌رخێڵ هاشم