كۆنگرێس بڕیاری دا لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا بكا

:: AM:09:29:13/12/2016 ‌


سەركردەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە لە پەرلەمان دەستی بە لێكۆڵێنەوە كردووە لەبارەی دەستوەردانی ڕووسیا لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بە تەواوی دژی ئەم بیرۆكەیە وەستاوەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە بیانووە بۆ شاردنەوەی شكستەكانی هیلاری كلینتن.

ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا "سی ئای ئەی" پێشتر ئاشكرای كرد، كە دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتە نهێنییەكانی هەواڵگری، گومانەكانیان بە تەواوی یەكلا بووەتەوە كە ڕووسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا لە ڕێی هێرشی ئەلیكترۆنی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، ئەمەش بۆ بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان بووە.

دواتر كۆشكی سپی داوای بەدواداچوونی وردی لەسەر ئەو دۆسیەیە كرد و لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكاشەوە بە توندی ئەمە ڕەت كرایەوە، ترەمپ بە تەنزەوە هێرشی كردە سەر ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا و گوتی، ئەوان وەك چۆن ئەمەریكایان بەلاڕێدا برد لەبارەی بوونی چەكی كیمیایی لەلایەن حكوومەتی سەدام حوسێنەوە، دەیانەوێ ئەم جارەش ئەمەریكا بە لاڕێدا ببەن.

ئەو لە تویتێكدا نووسیویەتی، ئەوە پیلان و هەوڵە بۆ هەڵگەڕاندنەوەی دەنگی ڕاستەقینەی ئەمەریكییەكان، بۆیە كارتی ڕووسیا و سی ئای ئەی بەكار دەهێنن، ئەگەر ڕووسیا دەستی لە هەڵبژاردنەكان وەرداوه لەكاتی بانگەشەكان، بۆچی لەوكات ئەو قسانەیان نەدەكرد و لێكۆڵینەوەیان لەسەر نەدەكرد، ئێستە كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەوان نەبووە، ئیتر دەیانەوێ بەم بیانووانە پیلان بگێڕن.

لەوبارەوە گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سەرۆكایەتیی ڕووسیا "كرملێن" دیمتری بیسكۆف گوتی، هیچ شتێك نییە لەسەر ئەو پڕوپاگەندانە بیڵێین، هەموو ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكی نییە و ناپیشەیین و پێوەندییان بە واقیعەوە نییە.

هاوكات لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا "جۆن مەكین و لیندسی گراهام" لە حزبی كۆمارییەكان و "تشاك شۆمر، جاك ڕید" لە حزبی دیموكراتەكان، دوای لێكۆڵینەوەی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەكەیان لەسەر پرسەكە كرد و بە پێویستیان زانی یەكلایی بكەنەوە.

بڕیارە لەم نزیكانە لە كۆنگرێسی ئەمەریكاش لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر پرسی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا پێك بهێنرێت، سی ئای ئەی پێشتر ڕوونی كردەوە، كە مۆسكۆ لە ڕێی تیمێكی هاككەرزەوە پشتیوانی دۆناڵد ترەمپی كردووە، ئاشكرابوونی نامەكانی جۆن بادیستای سەرۆكی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیلاری كلینتن و نامەی بەرپرسانی حزبی دیموكرات بۆ تیمەكەی كلینتن، بەكاری ئەو تیمە هاككەرزە لێكدرایەوە كە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێ كراوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د