لە ساڵی رابردوودا 10 هەزار خوێندكار لە سلێمانی وازیان لە خوێندن هێناوە

:: PM:07:57:11/09/2018 ‌
 لە ماوەی ساڵی خوێندنی 2017 بۆ 2018، زیاتر لە 10 هەزار خوێندكار لە سنووری پارێزگای سلێمانی وازیان لە خوێندن هێناوە، بەرپرسێكی پەروەردەی شارەكە رای دەگەیەنێت، "هۆی وازهێنانی خوێندكاران و قوتابییان بۆ بایكۆتی مامۆستایان دەگەڕێتەوە".

لە دوو ساڵی رابردووی خوێندندا، بەشێكی بەرچاو لە ماوەی خوێندندا دەوام لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەكرا و مامۆستایان بۆ داواكردنی مووچەكانیان كە حكوومەت بەناوی پاشەكەوتەوە زۆرینەی بڕیبوو، نەچوونە هۆڵەكانی خوێندن.

خۆگر خالید بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی فۆڕمێك كە ساڵانە ڕەوانەی قوتابخانەكان دەكرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو خوێندكارانەی تازە دەست بە خوێندن دەكەن، هەروەها ئەو خوێندكارانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆمان دەركەوتووە تەنیا لە ساڵی خوێندنی 2017 بۆ 2018 لە سنووری پارێزگای سلێمانی، واتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، زیاتر لە 10 هەزار و 339 خوێندكار لە قۆناغەكانی خوێندن لە بنەڕەتی و ئامادەیی و پیشەیییەكان و خوێندنی خێرا، وازیان لە خوێندن هێناوە.

خۆگر روونی دەكاتەوە كە لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 66 خوێندكار كوڕ بوون و سێ هەزار و 273 خوێندكاری كچ بوون. دووپات دەكاتەوە كە "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تا خوێندنی ساڵی 2017-2018، ئەو ئامارە زیادی كردووە و هەر ساڵەی بەلانی كەمەوە هەزار خوێندكار زیادی كردووە كە وازیان لە خوێندن هێناوە و دابڕاون".

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی پلاندانان، "ئەو وازهێنانە ساڵانی ڕابردوو زیاتر لە قۆناغی ئامادەیی و پیشەیی بووە، بەڵام ساڵی رابردوو لە قۆناغی بنەڕەتی زۆرینە تۆمار كراوە، بەو پێیەی خوێندكارەكە گەیشتووەتە تەمەنێك كە پێویستی بەوەش هەیە كار بكات، بۆیە وازیان لە خوێندن هێناوە و كاریان كردووە".

"هۆكارەكەی بۆ سێ لایەن دەگەڕێتەوە، یەكەم پێوەندی بە باری دارایی هاووڵاتییان لە سێ ساڵی ڕابردوو هەیە، دووەم هۆ كە زۆر كاریگەریی هەبووە لەسەر وازهێنانی خوێندكار، بایكۆتی مامۆستایانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ئەوە وای كردووە خوێندكار واز لە خوێندن بێنێت، بەڵام مامۆستایش مووچەی نەبووە و هەقی خۆیەتی. لایەنی سێیەم چوونی خوێندكارانە بۆ دەرەوەی وڵات". خۆگر خالید وای گوت.

بەپێی ئامارێكی بەشی پلاندانان، زۆربەی ئەو خوێندكارانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی ڕابردوودا، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوان لە سلێمانی، واتە ناو شار. بەدوایدا ناوچەكانی دەوروبەر و دەربەندیخان و دووكان و ڕانیە،  تەنیا ساڵی ڕابردوو پێنج هەزار و 820 قوتابیی قۆناغی بنەڕەتی، هەروەها سێ هەزار و 656 قوتابی لە قۆناغی ئامادەیی و ئەوەی دەمێنێتەوە لە قۆناغی پیشەیی و خوێندنی خێرا، وازیان لە خوێندن هێناوە.

لە بەرانبەردا نازدار ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا لە سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، وازهێنانی خوێندكاران لە قۆناغەكانی خوێندن لە ساڵانی ڕابردوودا، بەدەر لە بارە دارایییەكە لە ماوەی ئەو چەند ساڵە، بایكۆتی مامۆستایان بوو كە وای كرد ژمارەیەكی زۆر خوێندكار واز لە خوێندن بێنن.

ئەوەشی گوت، "كاتێك بەهۆی بایكۆتەوە دوو مانگ دەوام ناكرێت و مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، وا دەكات خوێندكار لە خوێندن بكشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كەسوكاری خوێندكار هەن كە دەزانن بەو جۆرە بایكۆتەوە منداڵەكەیان هیچ سوودێك لە خوێندنەكەیان نابینن، منداڵەكەیان لە قوتابخانە دەهێننە دەرەوە".

"كەسوكاری خوێندكارمان هەیە منداڵەكەی لە پۆلی یەكی بنەڕەتی بووە، بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە لە خوێندن دەری هێناوە، چونكە پێی وایە بە دوو مانگ منداڵەكەی فێری هیچ شتێك نابێت، هۆی ئەوەش تەنیا بۆ بایكۆتی مامۆستایان دەگەڕێتەوە، باری داراییش هۆكارێكی ترە بۆ وازهێنانی ئەو خوێندكارانەی دۆخی دارایییان باش نییە". مامۆستا نازدار وای گوت.

ئەو بەڕێوەبەرە پەروەردەییە رای دەگەیەنێت، بۆ ساڵی نوێی خوێندن كە تەنیا چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە، ئەگەر بایكۆت بكرێت لە سنووری سلێمانی، هەمان ژمارەی خوێندكار واز لە قوتابخانە دەهێنن، بەڵام پێمان وایە ئەمساڵ بایكۆت نابێت، ئەگەر مانگانە مووچە بدرێت بە مامۆستا، مامۆستاش هەموو كاتێك پێشەنگ بووە و پێی خۆش بووە دەوام بكات.

لای خۆیەوە سەنگەر فایەق جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پێمان وایە ئەو ئاماری وازهێنانە توێژینەوەی وردی بۆ نەكراوە لەبارەی هۆكاری وازهێنانی خوێندكار لە خوێندن، پێشمان وایە هۆكاری سەرەكی وازهێنانی خوێندكار، كۆچكردنە بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەو دۆخە دارایییەی كە ماوەی چەند ساڵە هەیە.

ئەو پێی وایە "هۆكارێكی تر هەیە كە وا دەكات خوێندكار واز بهێنێت لە خوێندن، ئەوەیش پێوەندی بە خوێندكارەكەوە هەیە بە هەر هۆكارێك بێت". جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە كە هۆی وازهێنانی خوێندكاران پێوەندی بە بایكۆتی مامۆستایانەوە هەبێت.

وشە/ سلێمانی- هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت