ئیدلب.. هەمووان ئامادەكاری بۆ بەرپاكردنی كارەساتی جەنگ دەكەن

:: PM:04:00:13/09/2018 ‌
تا دێت تەنگژەی ئیدلب ئاڵۆزتر دەبێت، سەرەڕای هۆشدارییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كارەساتێكی مرۆیی گەورە، ئەوا توركیاش تانك و زریپۆشی رەوانەی شارەكە كرد و رژێمی ئەسەدیش دەڵێ ئامادەكارییەكان تەواو بوون. دوای حەوت ساڵ ئیدلبییەكانیش ئاوارە بوونیان بەخۆیانەوە بینی.

سووریا.. ئارامی پێش تەواوبوونی ئامادەكارییەكان
بەرانبەر بە جموجۆڵی توركیا، رژێمی ئەسەد رای گەیاند كە نزیك بووەتەوە لە تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنی گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی بە ناوی "فەجر ئیدلب".

بەشێك لەو ئامادەكارییانەی رەوانەی دەوروبەری باكوری حەلەب كراوە زیاتر لە چوار هەزار چەكدارە كە لە ناوچەی بەنداوی شەهبا تا دەگات بە هێڵی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عەفرین بڵاوەیان پێكراوە كە بە ئوم حوش و تەپۆڵكەكانی رەفعەت و حەربل و عەین دقنە و مەنغ و فڕۆكەخانەی دێر جەمال دەست پێ دەكەن.

چاودێران پێیان وایە ئامادەكارییەكانی باكوری حەلەب پێوەندی بە هێرشكردنە سەر ئیدلب نییە، بەڵكوو ترسی رژێمە لە گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن بەوەی لە باكور و باكوری رۆژئاوای حەلەب هێرش بكەنە سەر حەلەب لەو كاتەی رژێمی سووریا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئۆپۆراسیۆنی سەربازییە دژ بە میلیشیا چەكدارەكان لە ئیدلب.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێ ئامادەكارییەكانی رژێمی ئەسەد هاوكاتە لەگەڵ كەمتربوونەوەی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا بۆ سەر پێگەكانی چەكدارانی بەرەی نوسڕە لە ئیدلب بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بەڵام ناوە ناوە رژێمی ئەسەد تۆپبارانی شارۆكە و شارەدێیەكانی دەورەبەری ئیدلب دەكات.


توركیا هاتە سەر 
دوای چەند رۆژێك لە ئارامی، تانك و زریپۆشەكانی سوپای توركیاش خۆیان گەیاندە خاڵەكانی چاودێری لە ئیدلب و گوندەكانی دەوروبەری حەما.

خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا دەڵێ ئیدلب لە لێواری تەنگژەیەكی نوێ دایە و توركیا لەگەڵ رووسیا و ئێران و هاوپەیمانانی هەوڵی سەپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و رێگریكردن لە روودانی كارەساتێكی مرۆیی لەو شارە دەدەن.

لەكاتێكدا چاودێرانی سووری هاتنی تانك و زریپۆشی توركی بۆ ئیدلب پشتڕاست دەكەنەوە، بەڵام وەزیری بەرگری توركیا دەڵێ هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ئیدلب ئەوا كارەساتێكی مرۆیی لە ناوچەكەدا لێ دەكەوێتەوە.

وەزیری بەرگری توركی هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر جولەپێكردنی زریپۆش و تانكەكانی وڵاتەكەی بۆ خاڵەكانی پشكنین كە توركیا لە رێككەوتنی ئاستانا لەگەڵ رووسیا و ئێران رێككەوتنی لەسەر كردووە، نەكرد.  

چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی هاتنی تانكەكانی توركی بۆ باكوری رۆژهەڵاتی سووریا جەختكردنەوەی ئەنقەرەیە لەسەر رێگریكردن لە هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی فراوان دژ بە ئیدلب كە گرنگترین پێگەی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی ئەسەدە و توركیاش پشتگیریان لێدەكات.

خاڵەكانی پشكنینی توركی لە گوندەكانی دەوروبەری حەلەب و ئیدلب و حەما و لازقیە پەرت و بڵاو بوونەتەوە، كە خاڵی پشكنینی یەكەمی لە گوندی سڵێوەیە لە دەوروبەری باكوری ئیدلب، خاڵی دووەمیشی دەكەوێتە قەڵای سەمعان لە دەوروبەری حەلەب و خاڵی سێیەمش دەكەوێتە چیای شێخ عەقیل لە دەوروبەری رۆژئاوای حەلەب، خاڵی چوارەمیش دەكەوێتە تەپۆڵكەكانی عیس لە دەوروبەری باشووری حەلەب، خاڵی پێنجەمیش دەكەوێتە تەپۆڵكەكانی تۆفان لە دەوروبەری رۆژهەڵاتی ئیدلب و هیچ شەشەمیش دەكەوێتە شارۆكەی سرمان لە دەوروبەری باشووری ئیدلب و ناوچەكانی تریش كە كۆی گشتی خاڵەكانی پشكنینی دەكاتە 12 خاڵ.
 

دیسان چەكی كیمیایی
نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا رایان گەیاندووە كە بێدەنگ نابن ئەگەر رژێمی ئەسەد چەكی كیمیایی لە جەنگی ئیدلب بەكار بهێنێت.

پێوەند بەو پرسە لێكۆڵەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە رژێمی ئەسەد غازی كلۆری قەدەغەكراوی لە ئیدلب بەكار هێناوە، بەمەش ژمارەی هێرشە كیمیاییەكانی رژێمی ئەسەد لە حەوت ساڵی رابردوودا تا ئێستە 33 هێرش لە كۆی 39 هێرش كە چەكی كیمیایی تێیدا بەكار هاتووە، 

بێ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ناسنامەی شەش هێرشەكەی تر ئاشكرا بكات كە كێ بەكارهێناوە.
لێكۆڵەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای ناكەن كە كەی هێرشە كیمیاییەكە كراوەتە سەر ئیدلب، بەڵام ئاماژە بە هێرشی كیمیایی سەر بە غۆتەی رۆژهەڵات دەكەن كە لە ماوەی نێوان 22ی كانونی دووەم/ ینایر و یەكی شوبات/ فێرایەر روویداوە.

ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رای گەیاند وڵاتەكەی ناتوانێت پشت بكاتە هێرشی كیمیایی بۆ سەر ئیدلب، ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیا لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە چەند رۆژێكە لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ ئەمەریكا و بەریتانیا بۆ بەشداریكردن لە دەستوەردانی سەربازی لە سووریا.

مێركڵ لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی رای گەیاند ناكرێت هەڵوێستی ئەڵمانیا  هەر قسە كردن بێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك لێكدرایەوە بۆ ئەگەری دەستوەردانی ئەڵمانیا لە رووداوەكانی داهاتووی سووریا.
 
كارەساتی مرۆیی.. 30 هەزار كەس ئاوارە بوون
لەگەڵ دەنگی یەكەم تۆپ و هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا بۆ سەر ئیدلب و لێدانی تەپڵی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ئەو شارە، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر بەهاری عەرەبی لە سووریا، بۆ یەكەمجارە خەڵكی ئیدلب ئاوارە بوون بە خۆیانەوە دەبینین.
ئەو شارە كە ژمارەی دانیشتووانی بەپێی دوا سەرژمێری ملیۆن و 500 هەزار كەسە، لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا هێندەی ژمارەی دانیشتووانی ئاوارەی شارەكانی تری سووریا روویان تێكردووە و ئێستە ژمارەی دانیشتووانی سێ ملیۆن كەس دەبێت.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستە زیاتر لە 30 هەزار كەس ئاوارە بوونە لە دەوروبەری باشوور و باشووری رۆژئاوای ئیدلب و دەوروبەری باكوری حەما و باكوری رۆژئاوای حەما.

لە هەفتەی رابردووەوە پێش دەستپێكردنی لوتكەی تاران لەنێوان رووسیا و ئێران و توركیا كە بێ دەرئەنجام كۆتایی هات، نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری لە كارەساتێكی مرۆیی زۆر گەورە لە ئیدلب لێدەدات و بە گەورەترین كارەساتی مرۆیی سەتەی 21ی دادەنێت، بەڵام هیچ لایەنێك گوێی لێ نەگرتووە.
 
لە دانیشتنی رۆژی سێشەمی رابردوو، جارێكی تر ئەنتۆنیۆ گۆتیرش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان نابێت وابكات بەرانبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەكان پابەند نەبین، داوای چارەسەری ئاشتی بۆ ئیدلب خواست و دووبارە هۆشداری كارەساتێكی مرۆیی راگەیاند، گوتی "داوا لە ئێران و توركیا و رووسیا دەكەن هەموو هەوڵێكیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و ناكرێت ئەوان باجی ئەو شەڕە بدەن".

هەر لەو دانیشتنەدا نێردەی رووسیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان رای گەیاند ئەوەی لە سووریا روودەدات ئۆپراسیۆنی سەربازی نییە، بەڵكوو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، گوتی "ناتوانین رێ بدەین بە تیرۆریستان سەتان هەزار كەس بگرن و بیان كەن بە پەرژینی مرۆیی بۆ خۆ پاراستن".

جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا باسی مەترسی هێرشكردنە سەر ئیدلبی لەسەر ئەوروپا كرد بەو پێیەی سەتان چەكداری ئەوروپی و بیانی لە ریزەكانی بەرەی نوسڕە لە ئیدلب هەن، بۆیە گوتی "مەترسی داهاتوو لە ئیدلبەوە دەبێت كە ژ0 بۆ 15 هەزار چەكداری لێیە و ئەوان دەبنە مەترسی لەسەر تەناهی داهاتوومان".



وشە - فه‌رمان سادق