ئەمڕۆ ئێزیدییەكان بەڕۆژوون

:: AM:11:39:13/12/2016 ‌

ئەمڕۆ یەكەم رۆژی رۆژووگرتنی ئێزیدییەكانە لە سەرانسەری دنیا و ئەندامێكی جڤاتی ڕووحانی ئێزیدی رای دەگەیەنێ كە ئەوەی ئێزیدی بێت، دەبێت ئەمڕۆ و دوو رۆژی تر بە رۆژوو بێت.

بەھزاد سلێمان قەوال و ئەندامی جڤاتی رووحانی ئێزیدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ سێشەم 13ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2016، وەك ھەموو ساڵێك ئێزیدییەكان دنیا و عێراق و كوردستان دەستیان بە رۆژووگرتن كردووە، واتە ئەوەی ئێزیدییە دەبێت ئەمڕۆ و دوو رۆژی تر كە دەكاتە رۆژانی 13-14-15ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2016، بە ڕۆژوو بێت و ڕۆژی 16ی مانگ دەبێتە ڕۆژی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدییەكان، واتە رۆژی ھەینی یەكەم لە مانگی كانووی یەكەمدا دەبێتە جەژن كە ڕۆژێكی زۆر پیرۆز و گرنگە لای ئێزیدییەكان.

هەروەها بەهزاد گوتی: لە رۆژی جەژندا ئێزیدییەكان سەردانی شوێنە ئاینییەكان دەكەن و لەوێ كۆ دەبنەوە و جەژنە پیرۆزە لە یەكتر دەكەن، دواتر لەكاتی نیوەڕۆدا پیاوانی ئێزیدی لە جڤاتی رووحانی ئێزیدی كۆ دەبنەوە و ئەگەر كێشەیەك ھەبێت لەوێ چارەسەری دەكەن.

ئەندامی جڤاتی رووحانی ئێزیدی باسی لەوەش كرد كە ئێزیدییەكان لەو سێ رۆژانەدا بە شەو خواردن و خواردنەوە دەخۆن و لە رۆژیشدا خۆیان بەدوور دەگرن لە خواردن و خواردنەوە تا دەبێتە ئێوارە، بە دیاركراوی سەعات پێنج و چەند خولەكێك ئەوجا خواردن و خواردنەوە دەخۆنەوە.

زیاتر گوتی: ئەوەی گرنگە لەلایەن تاكی ئێزیدی، بە ڕۆژووبوونە و دەبێت ھەمووان نییەتەكانیان بۆ خوا ساف بكەن و بە ڕۆژوو ببن.

دوای ئەوەی چەكدارانی داعش دەستیان بە سەر شنگالدا گرت و جینۆساید و كاولكارییەكی زۆر لە ناوچەكە دروست كرا، بەشێكی زۆری ئێزیدییەكان ئاوارەی سنووری پارێزگای دھۆك بوون و لە كەمپەكاندا نیشتەجێبوون و كەمێك تاسا بوون لە بۆنە نەتەوەیی و ئاینییەكاندا، بەڵام دوای رزگاركردنەوەی شنگال لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگە جارێكی تر ئێزیدییەكان رێوڕەسمەكانیان بەڕێوە دەبەن.

دھۆك/ نەوزاد ھلۆری


وشە - موحسین شابان