كۆمەڵی ئیسلامی بە تێكدانی یەكڕیزی ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكرێ‌

:: PM:08:12:13/09/2018 ‌
بەشداری كردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لیستی جیاواز لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناڕەزای لێ‌ كەوتووەتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش ڕای دەگەیەنێ، كۆمەڵ یەكڕیزی ناو ئیسلامییەكانی تێكداوە، هاوكات شارەزاییەكی ئیسلامی پێی وایە هەرگیز ئیسلامییەكان ناتوانن لەبەرەیەكی هاوبەشدا كۆ ببنەوە.

شێركۆ جەودەت ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی پێمان باشبوو هەر سێ لایەنە ئیسلامییەكە پێكەوە بەشداری بكەین لە هەڵبژاردن و لیستی هاوبەش پێك بهێنین، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی بۆچونی وابوو كە بەشداری نەكات بۆ دروستكردنی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان.

" كۆمەڵی ئیسلامی پێی وابوو وا لە بەرژەوەندی خۆیانە كە بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن و نەچنە لای لیستی هاوبەشی دوو حزبە ئیسلامییەكەی تر كە لە نێوان یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی دروست بوو كە پێكەوە بەرەیەكی ئیسلامییان دروست كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایار و ئێستەیش بە لیستی ئیسلامی بەرەی ئیسڵاح بەشدارن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان" جەودەت وای گوت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكگرتوو پێی وایە، دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە بۆچی بەرژەوەندی تاكی پێش بەرژەوەندی گشتی ئیسلامی خستووە، بەڵام " ئێمە كاری خۆمان دەكەین و ڕێز لەوانیش دەگرین".

بە بۆچوونی شارەزایان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێی وایە زیاتر لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی كورسی دەهێنێت، بۆیە بەشداری لیستی ئیسلامی نەكردووە و بە تەنیا بەشدارە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

لای خۆیەوە كامیل مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی داوایان كردووە كە بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن و بۆچوونی جیاوازیان لەگەڵ بزووتنەوە و یەكگرتوو هەبووە.

 بەرپرسەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، كۆمەڵی ئیسلامی بە ئێمەیان گوتووە ئەگەر ئەم ئەزموونەی یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی سەركەوتوبوو، پێدەچێت لە وێستگەیەكی تردا ئەوانیش بەشدار بن.

لای خۆیەوە سۆران سێوكانی شارەزا لە بواری ئیسلامی سیاسی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەی دروستیان كردووە تەنیا كارێكی خەڵەتێنەرە، سەرەتا بزووتنەوە لە نەبووندایە، چونكە ئەگەر بە تەنیا دابەزیبوایە نیوو كورسیشی نەهێنا، ئەو بەرەیەش كە دروستیان كردووە تەنیا بۆ لێدانە لە كۆمەڵی ئیسلامیی، چونكە كۆمەڵ و یەكگرتوو حزبی سیاسین و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە و وابەستەی سیاسیان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

زیاتر گوتی، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی لە هیچ مەنجەڵێكدا پێكەوە ناكوڵێن، كۆمەڵ حزبێكی سەلەفی و جیهادین، لەگەڵ ئەوەیشدا باری دەروونی سایكۆلۆژی كۆمەڵ كە دوو كارەكتەری جیاواز بەڕێوەی دەبەن عەقڵیەتیان جیاوازە، بۆیە هیچ كات ناتوانن پێكەوە بەشداربن.

ڕوونیشی كردەوە كە كۆمەڵ خۆی بەستووەتەوە بە بەرەی ناڕازی و دوای گۆڕان كەوتووە، پێیان وایە بەو شێوەی كە ئێستە هێناویەتی و خەڵك دەنگیان دەداتێ، ئەوان وانەیان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار وەرنەگرت، پێیان وابوو ساختەكاری كراوە، بەڵام ساختەكاری لەو دوو حزبە ئیسلامییە نەكراوە و تەنیا قورساییان نەماوە.

پیشتر كۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاندبوو كە بەشداری لیستی ئیسلامی ناكەن ئێستەیش كە بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن زۆرێك نیگەرانی و ناڕەزاییان لەلایەن جەماوەرەكەیانەوە لەسەر دروست بووە و پێیان وایە، باشترە حزبە ئیسلامییەكان خاوەنی یەك گوتاری تایبەت و هاوبەش بن نەك بەو شێوەیە دابەش بن بەسەر چەند حزبێكدا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم