خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەست پێ دەكەنەوە

:: PM:08:55:13/09/2018 ‌

لیژنەكانی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەكانی پارێزگای بەسڕە بانگەشەی خۆپێشاندانێكی فرەوانی بۆ سبەی هەینی دەكەن، هاوكات هێزە تەناهییەكان ژمارەیەك خۆپێشاندەر دەگرن كە پێوەندیان بە سووتاندنی بارەگای پارت و گرووپەكانی نزیك لە ئێران هەبووە.

لیژنەكانی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند كە رێككەوتن لە نێوان هەموو لیژنە هاوئاهەنگییەكان لە بەسڕە كراوە بەوەی سبەی هەینی خۆپێشاندانێكی فرەوان و لەیەك كات بێتە سازكردن. هۆكاری دواخستنی خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆیشیان بۆ رێگرتن لە پەرتەوازەیی خۆپێشاندانەكان لێكدایەوە.

ئەمڕۆ لە بەسڕە خۆپێشاندان ساز كرا و خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی عەروسە بەرەو گۆڕەپانی عەبدولكەریم قاسم لە ناوەڕاستی بەسڕە چوون، بەڵام هێزە تەناهییەكان (سوات) نزیكەی 30 خۆپێشاندەریان گرت كە مۆمیان هەڵگرتبوو وەك یادكردنەوەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی دوایی. لەو كاتەی هێزە تەناهییەكان رەتیان كردەوە كە كەسیان گرتبێ.

لەو كاتەی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی بەسڕە باسی ئەوەی كرد كە ئەمڕۆ پێنجشەم ژمارەیەك لە كەسانی تێوەگلاو لە پشێوییەكانی دوایی پارێزگای بەسڕە گیراون و ئەوان پێوەندیان بە سووتاندنی بارەگای پارت و گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران و كونسوڵخانەی ئێران هەیە و گرتنی ئەوان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و تۆماری ڤیدیۆیی بووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل