سبه‌ینێ شه‌موو 14ى ئه‌یلوول، په‌رله‌مانی عێراق كۆبوونه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كۆبوونه‌وه‌كه بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه، كه پێك دێن له سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی، به‌ڵام به دوری ئه‌زانێ ڕێكه‌وتن بكرێت بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
دانا جه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، كارنامه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریكردن و ده‌نگدانه له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كه پێك دێت له سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی.
ئه‌وه‌یشی گوت، پێویست بوو لایه‌نه عێراقییه‌كان له ماوه‌ی ئه‌و ده ڕۆژه‌ی كه له‌به‌رده‌ستیان بوو له ناو خۆیاندا ڕێك بكه‌ون بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڵام تا ئێسته هیچ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه بۆ ئه‌و پۆسته.
گوتیشی، تا ئێسته هه‌ر ئه‌و هه‌شته كاندیدن بۆ پۆستی سه‌رۆك په‌رله‌مان، و هچ كه‌سێك له‌و كاندیدانه قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه تا ئه‌و كاته‌ی كه ڕێككه‌وتن بكرێت، چونكه تا ڕێكه‌وتن نه‌كرێت په‌رله‌مانتاری ئه‌و فراكسیۆنانه به‌رچاو ڕوون نین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به چ كاندیدێك بده‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی به دوریشی زانی له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری داهاتوو ڕێككه‌وتن بكرێت بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
هه‌ر یه‌كه له محه‌مه‌د ته‌میم و گه‌لال زوبعی و ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا جبوری و ئوسامه نوجێفی و محه‌مه‌د حلبوسی و ره‌شید عه‌زاوی و ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا خه‌له‌ف جبوری و محه‌مه‌د خالیدی كاندیدن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی