كێ لە پشت كارتە سووتاوەكەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتە سەرۆك وەزیران؟

:: PM:08:15:16/09/2018 ‌
دانوستانی نێوان هێزە شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەردەوامە و ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە سەدر و عامری چاوەڕێی رەزامەندی عەلی سیستانی بكەن بۆ كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی. پێوەند بە سەرۆك كۆماریش دوای یەكلابوونەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پێدەچێ پۆستەكە بەر یەكێتی بكەوێ.

لە دوو رۆژی رابردوودا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێچەوانەی خولەكانی تر كێبەركێی گەورەی لە نێوان كاندیدی پێكهاتەی سوننە و كورد بەخۆیەوە بینی، دوای یەكلابوونەوەی ئەو پرسە، ئێستە قسە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار دەكرێ كە پشكی شیعە و كوردە، لە وەختێك موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەری هەیە ببێتە ئۆپۆزسیۆن، دوای ئەوەی بێهیوا بوو لەوەی بتوانێ رۆڵی كاریگەر بگێڕێ لە سەركردایەتیكردنی عێراق و ئاماژەكانی پێوەندار بەوەی ناتوانێ گۆڕانكاری گەورە لە شانۆی سیاسی عێراق ئەنجام بدا.

ئەو ئاماژەیەی سەدر، لایەنەكان و عێراق دەخاتە بەردەم دوو بژاردەوە، یان لەدایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە كە لە 2003ەوە عێراق هێزی ئۆپۆزسیۆنی بەخۆیەوە نەبینوە بەهۆی بنەمای رێككەوتن و پشك پشكێنەی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە، یانیش ئەوەیە عەبدولمەهدی دەبێتە سەرۆك وەزیران كە دوای بێ هیوابوونی لە عەبادی، موقتەدا سەدر پشتگیری لێ دەكا.

چاودێران وەها خوێندنەوە بۆ هەڵوێستەكەی سەدر دەكەن كە "هەڕەشەیە" بەرانبەر بەو گوشارە گەورەیەی هەیە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، نەك تەنیا لەژێر چەتری پەرلەماندا، بەڵكو لە شەقامیش كە سەدر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خۆی بە دەنگی شەقام زانیوە، بەتایبەت چینە هەرە هەژارەكان كە بەهۆیەوە گوشاری گەورەی لەسەر دەسەڵات دروست كرد بوو.

لە دوا بەیاننامەیدا سەدر باسی لەوە كرد كە هەندێك لە سیاسییەكان رێككەوتنیان لەسەر كاندیدكردنی كەسایەتییە تەكنۆكڕات و سەربەخۆكان بۆ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی داهاتوو، دوور لە دابەشكاری حزبی و تایفەگەرایی و پشك پشكێنە، رەت دەكەنەوە، ئەمەیش مانای گەڕانەوەی گەندەڵكاران دەدا بۆ دەسەڵات بە جلوبەرگێكی نوێوە.

بەیاننامەكەی سەدر دوای كۆبوونەوەی هات لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، لەوێدا ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ئەو دۆخە وەها بەردەوام بێ، ئەوا ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێرێ.

بەیاننامەكەی سەدر لە وەختێكە كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر بە تەواوەتی نائومێد بووە لەوەی بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لیستە شیعەكان لەسەر حەوت كەسایەتی مشتومڕیانە بۆ دەستنیشانكردنی یەكێكیان كە عادل عەبدولمەهدی یەكێكە لەو حەوت كەسە و لە هەمووشیان چانسی زیاتری هەیە.

عادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشتری نەوت كە بەهۆی رێك نەكەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت، دەستی لەكار كێشایەوە، لە دوای 2003وە ماوەیەك جێگیری سەرۆك كۆماریش بووە. عەبدولمەهدی بە كەسایەتییەكی سیاسی قبووڵكراو لەلایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و هەرێمایەتییەكان دادەنرێ، دوای لەتبوون و جیابوونەوەی عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەو حزبە و دامەزراندنی رەوتی حیكمە، عەبدولمەهدی بڕیاری دا پشتگیری هیچ كامیان نەكا و وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ لە ماڵەوە دانیشت.

سەرچاوە سیاسییەكان باس لەوە دەكەن كە موقتەدا سەدر پێی وایە عادل عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی گونجاوە بكرێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ قۆناغی ئێستەی عێراق، باس لەوەیش دەكرێ توانیویەتی قەناعەت بە عامری بێنێت لەوەی پشتگیری لە عەبدولمەهدی بكات، بۆیە هەوڵەكان ئێستە بەو ئاراستەیەیە كە سەدر بتوانێت قەناعەت بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بهێنێت تا عادل عەبدولمەهدی بكرێت بە سەرۆك وەزیران.

 ئەگەرچی پرسی كاندیدبوونی عادل عەبدولمەهدی هێشتا هەر قسەیە و هەندێك لایەنی شیعە باس لە دوو كاندیدنی تر دەكەن كە هەمان چانسی ئەویان هەیە، بەڵام ئەگەر سیستانی متمانە بە عەبدولمەهدی بدات، ئەوا لایەنە شیعەكان رێگایەكی زۆر درێژیان بۆ كورت دەبێتەوە و ئەویش دەبێتە بەرپرسی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و جێبەجێكردن لە عێراق.
 
بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ناوهێنانی عەبدولمەهدی تەنیا رێ خۆشكردنە بۆ كاندیدێكی تری نەناسراو، ئەو خوێندنەوەش لە دەرئەنجامی خولەكانی رابردووەوە قسەی لەسەر دەكرێت بەوەی هێزە شیعەكان ئەگەر بیانەوێت كەسێك بێننە پێشەوە كە پێشتر ناوی نەهاتبێت، ئەوا ناوی كەسێكی ناسراو دەهێننە پێشەوە و پاشان دووری دەخەنەوە بەهۆی رێك نەكەوتنی باڵەكانی شیعە لەسەر ئەو كاندیدە و دواتریش كەسێكی نەناسراوی پێشتر ناوی دێتە پێشەوە.

سەرچاوەكان باس لە تاریق نەجم دەكەن كە سەركردەیەكی ریزی دووەمی حزبی دەعوەیە، بەوەی ئەگەری هەیە بكرێتە كاندید، بەڵام مەرجەعیەت بە توندی دژی دەوەستێتەوە.

هەردوو ناوی عادل عەبدولمەهدی و تارق نەجم لە خولەكانی رابردوویش زۆرجار ناویان هاتووە، تەنانەت وای لێهاتووە شەقام و سیاسییەكانیش بەناو هاتنیان شۆك نابن و بەلایانەوە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئێستە كە نوێیە و پێشتر ناوی نەهاتووە، مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسڕەیە، پێدەچێ ئەوان لە پشتەوەی ناوی عەبدولمەهدی یەكێكیان ببن بە سەرۆك وەزیران.

تا ئێستە سەدر و عامری بڕیاری كۆتاییان لەسەر ناوی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نەداوە، چاوەڕێن دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆك كۆماریش هەڵبژێردرێت، كە ئەمەش كاتێكی باش دەداتە لایەنە شیعەكان بۆ خۆ یەكلاكردنەوە كە سێ هەفتەیە.

كۆی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر كاندیدەكانی شیعەكان دەكرێت لە كاتێكدایە هاوپەیمانی نەسڕ هێشتا پێداگیرە لەسەر ئەوەی حەیدەر عەبادی كاندیدی ئەوان دەبێت بۆ ئەو پۆستە.

عەلی سنەید، ئەندامی هاوپەیمانی نەسڕ رای گەیاند بەپێی پێوەرە و دەستكەوتەكانی چوار ساڵی رابردوو، هەروەها سەركەوتن بەسەر داعش و كۆتاییهێنان بە ململانێی تایفەگەرایی و رزگاركردنی وڵات لە داڕمانی ئابووری و زۆر دەستكەوتی تریش، وای كردووە پێداگیر بین لەوەی عەبادی كاندیدی ئێمەیە و زۆرترین چانسی هەیە لە وەرگرتنەوەی پۆستەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
سنەید پێی وایە دوا گوتاری هەینی رابردووی سیستانی مەرجەع پشتگیرییە لە عەبادی بەوەی گرنگە بگەڕێینەوە بۆ ئەوانەی شارەزایی و لێزانیان هەیە لە چاكسازی، ئەمەیش وای كردووە هێشتا عەبادی تاكە كاندیدی هاوپەیمانی نەسڕ بێت.

هاوكات نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەكەیەكدا داوایان لە هێزە سیاسییەكانی عێراقی كرد پەلە بكەن لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و دامەزراندنی حكوومەتێك كە پشتگیری لە چاكسازی بكات.

یان كۆبیچ نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان، نیگەرانی خۆیشی دەربڕی بەوەی هیچ ژنێك لە دەستەی سەرۆكایەتی نابینرێت. هاوكات داوایشی لە لایەنە سیاسییەكان كرد كە پابەند بن بە كات بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار بەپێی ئەوەی كە دەستوور دەستنیشانی كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق