نێچیرڤان بارزانی: لەو قۆناغەدا بنەبڕكردنی هزری توندڕەوی داعش پێویستە

:: PM:05:07:17/09/2018 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە هێشتا مەترسی داعش ماوە و داوایشی لە ئەڵمانیا كرد هاوكارییەكانی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، بنەبڕكردنی هزری توندڕەوی داعش لەو قۆناغەدا پێویستە.

ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا  و شاندێكی باڵای حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا كردووە كە لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە پارتە جیاوازەكان لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێكهاتبوون.

وەك لە هەواڵەكەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە  وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون دێرلاین و  پەرلەمانتارانی یاوەری، چاونەترسی و بوێریی پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی خاك و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و قوربانیدانیان لەم پێناوەدا بەرز نرخاند، هەروەها مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە خواست و پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان باسیان لە ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتیان لە بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران كردەوە و ڕایان گەیاند كە مەبەستیانە لە نزیكەوە بزانن لەمەودوا هاوكارییەكان چۆن و چی بن و پرۆگرامی داهاتووی پەنابەران چی دەبێت؟.

هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی هاوپەیمانان و ئەڵمانیای كرد لە كاتە سەختەكاندا بەتایبەتی ‌كاتی هێرش و مەترسییەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها دووپاتی لە قۆناغێكی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كردەوە كە ئەویش بنەبڕكردنی هزری توندڕەوی داعشە. هاوكات هیوای خواست پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیار لە درێژكردنەوەی مانەوەی هێزە مەشقكارەكانیان و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ‌ هەرێمی كوردستان بدات، چونكە هێشتا مەترسیی داعش ماوە.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت بە هێزەوە لە بەغدا بێت و سەقامگیری لە ناوچەكەدا جێگیر بێت و مافەكانی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق دابین بكرێن و لە باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا، ئاماژەی بە بوونی بانگەشەیەكی هێمنانەی هەڵبژاردن‌ كرد‌ كە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و دواتریش پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم