مەسروور بارزانی: هەرگیز خۆمان ناچەمێنین و دەسەڵات لای ئێمە بۆ خزمەتكردنی خەڵكە

:: PM:05:32:17/09/2018 ‌
مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاكرێ‌ گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕای گەیاند، پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت نەك لایەنگرانی پارتی و دووپاتی لەوە كردەوە كە دەسەڵات لای ئەوان بۆ خزمەتكردنی خەڵكە. 

ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لەمیانەی ئاهەنگێكی لیستی پارتی لە ئاكرێ‌ مەسروور بارزانی گوتی، ئاكرێ‌ لە ڕاپەرینەوە تا ئێستە خوێن و قوربانی داوە و پشتیوانی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.

زیاتر گوتی، ئاكرێ‌ قەڵای پارتییە و پێویستە 30ی ئەیلوول هەموومان لیستی پارتی سەربخەین، بۆیە بیر لەوە بكەنەوە ئەگەر كاندیدی ئێوە لە پارتی نەچێتە پەرلەمان ڕەنگە لە بەرژەوەندی ئێوە و كوردستان نەبێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە بۆ دیاری كردنی چارەنوووسی كوردستان هێشتا قۆناغێكی دوورمان لەپێشە و وەك پارتی مساوەمە لەسەر مافی كورد ناكەین و بەدەنگی ئێوە سەركەوتنی گەورەتر بەدەست دەهێنین.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە ڕابردوو تووشی كێشەی زۆر بووین هەوڵی زۆر بۆ لەناو بردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام سینگی خۆمان خستە پێشی و هەركەسێكیش پرسیاری لێ‌ كردن چیتان كردووە وەك پارتی بەسەری بەرزەوە پێیان بڵێن ئێمە خوێنمان بۆ ئێوە داوە.

" زۆر جار باسم كردووە پێویستە حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان دامەزرێت و لەمڕۆوە كوردستانێكی بەهێز بە دەنگی ئێوەوە دەست پێ دەكات و دڵنیابن نوێنەرەكانی ئێوە ئامادە نابن یەك ڕۆژ كوردستان بفرۆشن و پێویستە حكوومەتی داهاتوو لە خزمەتی ئێوە بێت، چونكە پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكە" مەسروور بارزانی وای گوت.

وەك ئەوەی مەسروور بارزانی ئاماژەی بۆ كرد ئەگەر نوێنەرانی پارتی سەركەوتنی مەزن بەدەست بێنن ئەوە چاكسازی و ئاوەدانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، ئەوانەیشی ئێستە بەڵێن دەدەن هیچ مێژوویەكیان نییە، بەڵام پارتی 72 ساڵە خزمەت دەكات و بەڵێنەكانیشی دەپارێزێ و هەرگیز سەرمان بۆ دوژمن ناچەمێنین.

مەسروور بارزانی داوای لە كاندیدەكانی كرد كە كار بكەن بۆ كوردستانێكی ئاوەدان و پێشكەوتوو و دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان بەدەست بێنن. ئەو گوتی، لە ڕێبازی ئێمە دەسەڵات خزمەتكاری خەڵكە.

بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسیاری لە خەڵكی ئاكرێ‌ كرد و گوتی، ئەگەر سبەی هێرش بكرێتە سەر كوردستان یان پیلانێكی نێودەوڵەتی دژی كوردستان هەبێ‌ ئەو كاتە دەنگ دەدەنە كێ‌؟ بیرتان بێت كە سەرۆكی پارتی بوو یەكەم كەس چووە سەنگەرەكانی شەڕ. بەداخەوە ئەگەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووایە ئێستە ئاهەنگی گەورەترمان ساز دەكرد، هەرچەندە لە 25ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئیرادەی گەل سەركەوت و هەرگیز واز لەو مافەی كورد ناهێنین .

مەسروور بارزانی سوپاسی خەڵكی ئاكرێی كرد كە بەردەوام پاڵپشتی پارتی و رێبازی بارزانی بوون.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم