دەقی وتارەكەی مەسروور بارزانی .. پێویستە حكوومەتێكی بەهێز دابمەزرێت

:: PM:06:53:17/09/2018 ‌
مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە ئاهەنگی لیستی پارتی لە ئاكرێ‌ كرد و ڕای گەیاند، ئاكرێ‌ قەڵای پارتییە. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە پەرلەمانی داهاتووی كوردستان بڕیارەكانی لەبەرژەوەندی خەڵكی بێت.

دەقی وتارەكەی مەسروور بارزانی .. 

ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشك و برایانی هێژا..

خەڵكی قارەمان و شەهید پەروەری دەڤەری ئاكرێ و بەردەڕەش..

زۆر سووپاسی ئێوە دەكەم، بۆ ئەو دەرفەتەی رێكتانخستووە و رێتان داوە ئامادە بم بۆ ئەوەی پەیمان بدەینە یەك بۆ ئەوەی رۆژی 30ی ئەیلوول، بچینە سەر سندووقی دەنگدان و لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەربخەین.

خوشك و برایانی هێژا..

ئاكرێ و ئەم دەڤەرە بە شێوەیەكی گشتیی، دەرگای راپەڕین بوو بۆ بادینان. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ، خوێن و زەحمەت و قوربانیدانی خۆتان سەلماندتان كە ئێوە پشتیوانی رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و خوێنی شەهیدان و پارتی دیموكراتی كوردستانن.

هەڤاڵانی هێژا..

ئەوەندەی رژێمی شوڤینی پێشووی عێراقدا، هەوڵیدا، بۆ ئەوەی شوێنەواری كوردەواری و نیشتمانپەروەری لە كوردستان و بە تایبەت لەم ناوچەیە نەهێڵێت، بەڵام خۆڕاگری و قوربانیدانی ئێوە، سەلماندتان كە چۆن ئاكرێ بەناو و دەنگە، ئەم دەڤەرە پشتیوانی رێبازی پارتی و سەرفرازی و سەربەخۆبوونە.

خوشك و برایانی هێژا..

ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگە. چونكە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە هەڤاڵانی كاندیدی ئێوە دەچنە پەرلەمان. ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەردەكرێن، كاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووسی كوردستان و ژیانی ئێوە. ئەو هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی ئێوەیە و كاندیدەكان كاندیدی ئێوەن. كاتێك دەچنە پەرلەمان پێویستە هەندێك بڕیار بدەن، كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی ئێوە دەبێت. بیر لەوە بكەنەوە، ئەگەر كاندیدەكانی ئێوە نەچنە پەرلەمان، خەڵكێكی دیكە دەچێت. رەنگە ئەوان بڕیاری ئەوە بدەن لە بەرژەوەندی ئێوە نەبێت. هەر بۆیە هەقە ئێوە بیر بكەنەوە، كە بۆ پێویستە بچن بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن و ئەو كاندیدانەی ئێوە بڕواتان پێیان هەیە، بچنە پەرلەمان و ئەو بڕیارانە پەسند بكەن كە لە بەرژەوەندی كوردستاندا بن.

خوشك و برایانی هێژا..

هێشتا قۆناغی دوور و درێژی دیاركردنی چارەنووسی كوردستان لە پێش ئێمەیە. رێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی سەركێشی ئەو دۆزەیە. ساڵی رابردوو، پارتی وەك پارتێكی پێشڕەو، سازشی لەسەر مافی خەڵك و خەڵكی كوردستانی نەكردووە. بە پشتیوانی قوربانیدان و خەباتی ئێوە لە داهاتووشدا، سازش ناكات و ئینشائەڵڵا بە دەنگ و پشتیوانی ئێوە و بە پشتیوانی خودا بەرەو سەركەوتن دەچێت و هەنگاوی گەورەتر دەنێت.

لە ماوەی رابردوودا ئێمە تووشی كێشە و هێرشی تیرۆریستان و پیلانی ناحەزان بووین. هەموویان دەیانویست كوردستان وەك كیانێكی سیاسی نەمێنێت. ئێمەش وەك نەتەوە و كوردستان وەك نیشتمانێك وجوودیان نەمێنێ. بەڵام قارەمانانی ئەم میلەتە، پەیڕەوانی ئەم رێبازە پیرۆزە و قوتابیانی قوتابخانەی رێبازی پیرۆزی بارزانی و پارتی پێش هەموو كەسێك سینگی خۆیان كردە قەڵغان نەك تەنیا بۆ پاراستنی كوردستان، بەڵكو بۆ دانانی بناغەیەكی بەهێزتر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر.

هەڤاڵانی هێژا..

رەنگە هەموو كەسێك وەك تاك بیر لەوە بكاتەوە، كێ چی بۆ كردووە، چ پێویستە لە هەڵبژاردن بەشداری بكەن.. داواكاری ئێمە لە هەموو ئەندام و لایەنگرێكی پارتی و پەیڕەوانی رێبازی پارتی و بارزانی ئەوەیە، هەر كەس ئەو پرسیارە لە ئێوە بكات، بە سەرێكی بەرزەوە، بڵێن، ئێمە خوێنمان دایە ئێوە. ئەو پێشمەرگە و ئەو قارەمانانەی لە سەنگەری بەرگریدا بوون، بۆ پاراستنی ئەم خاكە و كەرامەتی ئەم میلەتە بوون، بۆ خۆیان نەبووە، بۆ هەموومان بووە. ئەوانەشی لە ماڵی خۆیان دانیشتوون، دەبێت بزانن، ئێمە و ئێوە و هەموومان قەرزاری خوێنی ئەو شەهیدانە و زەحمەتی ئەو پێشمەرگانەین. كاری لە پێشینەمان ئەوەیە، وەفادار بین بەرامبەر ئەو قوربانیدانە و ئەو رێبازە بەرنەدەین و ئەو رێبازە سەربخەین و بەرەو سەركەوتنێكی دیكە و لە 30ی ئەیلوول، بە هەمووان بڵێین ئەو ئەو قوتابیانەی ئەو رێبازە و خوێندكارانی ئەو زانینگەیە، ئامادەین نەك تەنیا دەنگی خۆمان، بەڵكو بە خوێن و سەروماڵی خۆمان وەفادارین بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە و خەباتی ئەو پێشمەرگانە.

هەڤاڵانی هێژا..

زۆر جار دەڵێین، پێویستە حكومەتێكی بەهێز دابمەزرێت. درووشمی ئەم هەڵمەتەش، بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزە. كوردستانی بەهێز لە ئەمڕۆوە دەست پێدەكات. لە دەنگی ئێوەوە دەستپێدەكات. چونكە ئەگەر هەموو بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەنە ئەو كاندیدانەی ئێوە بڕواتان پێی هەیە و بەرگری لە مافی ئێوە بكەن و سازش لەسەر مافی ئێوە ناكەن و ئامادە نابن، رۆژێك كوردستان بفرۆشێت و سەری خۆی بۆ دوژمن شۆڕ بكات و ئەگەر دەنگ بدەنە ئەو كەسانە و ئەو كەسانە بەرگری لە مافی ئێوە دەكەن و دەبنە پشتیوان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و ئەو حكومەتە جارێكی دیكە لە خزمەتی ئێوەدا دەبێت.

هەڤاڵانی هێژا..

پارتی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ مەبەستی بووە، خزمەتگوزاری میلەتی خۆی بێت. بەرنامەی پارتی ئەوەیە، میلەت سەروەر بێت.

لە رێبازی پارتی و بارزانی، دەسەڵات خزمەتگوزاری ئێوەیە، ئێوە بڕیار دەرن. ئێوەن بە دەنگی خۆتان بڕیار دەدەن چارەنووسی كوردستان چۆن دەبێت و پەرلەمانی كوردستان لە كێ پێكدێت. ئەگەر كاندیدانی پارتی بە پشتیوانی خودا و دەنگی ئێوە، سەركەوتنێكی گەورە ئینشائەڵڵا بەدەست بهێنن، وەك ئەوەی ئێمە دەمانەوێت سەركەوتنێكی زۆر مەزن بەدەست بهێنین كە بێوێنە بێت لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەو سەركەوتنە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی سەرجەم بەرنامەكانی پارتی جێبەجێ بكرێن. ئێمە بڕوامان بە پێكەوەژیان و هاوپەیمانی هەیە و بڕوامان بە كاركردن لەگەڵ ئەوانەش هەیە كە لەسەر بەرژەوەندی نیشتیمانی لەگەڵ پارتی هاوڕان و دەمانەوێت لە حكومەتی داهاتووش شەریك و بەشدار بن. بەڵام نامانەوێت كەس هەبێت رێگری لە بەرنامەكانی پارتی بۆ بەرگری و چاكسازی بكات و هەر هاوپەیمانییەكیش هەبێت لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئەو كەسانە دەبێت كە سازش لەسەر مافی كورد و خاكی كوردستان نەكەن.

خوشك و برایانی هێژا..

راستە، هیچ بەڵێنێك نادەین، كە چی دەكەین. چونكە رەنگە زۆر كەس بەڵێن بدات و بڵێت فڵان شتەتان بۆ دەكەین، بەڵام هیچ رابردوو و ئەزموونێك نییە، بزانین وەفادار دەبن یان نا، بەڵام ئێمە وەك پارتی 72 ساڵە بەڵێنمان داوە خزمەتكار و پارێزەری نیشتیمانی خۆمان بین و خۆمان بكەینە قەڵغانی پاراستنی كوردستان و ئەمە 72 ساڵەش ئەو پەیمانە دەپارێزین.

هەڤاڵانی هێژا..

هەتا ئێمە مابین، سەری خۆمان بۆ دوژمنان ناچەمێنین. سازش لەسەر مافی ئێوە ناكەین. هەرچی پێویست بێت بۆ خزمەتی ئێوە تەقسیری نەكەین. داوای ئێمە لە كاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی داهاتوو ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكەن و كار بۆ كوردستانێكی پێشكەوتوو بكەن، لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە و ئاینەكان لە كوردستان و هەموو دەست بدەنە دەستی یەك بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر و میلەتی ئێمە بگاتە ئەو قۆناغەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیرەیی پێببرێت و پێشكەوتن و سەركەوتنی كوردستان وەك نموونە باس بكرێت.













وشە - سه‌رخێڵ هاشم