ململانێی شیعە دەتەقێتەوە و مالیكی دەبێتە ئامانجی داهاتووی سەدر

:: PM:05:28:13/12/2016 ‌

لەناو مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێكی ناوەخۆیی شیعەدا، حزبی دەعوە بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی داوا لە لایەنگرانی دەكات كە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر ئامادە بكەن كە ناڕەزاییان لە بەرامبەر سەردانی مالیكی بۆ سێ پارێزگای شیعە لە باشووری عێراق پێشان داوە،  هاوكات سەدر دەستخۆشی لە جەماوەرەكەی دەكات.

لە چەند رۆژی رابردوودا نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەمنیداری گشتی حزبی دەعوەی عێراق سەردانی هەرسێ پارێزگای زیقاڕ و میسان و بەسڕەی كرد، ئەو لەلایەن جەماوەرێكی زۆر بەتایبەتی لە لایەنگرانی سەدر بە جوێن و قسەی ناشیرین و بەرزكردنەوەی پێڵاو پێشوازی لێ كرا، لەو كاتەی پاسەوانەكانی تەقەیلان لە خەڵكەكە كرد و رایان گەیاند كە هەوڵێك بۆ تیرۆركردنی مالیكی هەیە.

رۆژانەی پێنجشەم و هەینی و شەمووی رابردوو لە كاتی سەردانی مالیكی بۆ ئەو پارێزگایانە بەمەبەستی بەشداریكردن لە چەند كۆنگرەیەكی هۆزەكانی ناوچەكە، خەڵێك بەتایبەتی لە لایەنگرانی سەدر كۆبوونەوە و هوتافیان لەدژی مالیكی لێ دا و بەرادەستكردنی مووسڵ بۆ دەستی داعش و دیكتاتۆریەت و گەندەڵی لە كاتی فەرمانڕەوایی لە هەشت ساڵی بوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمەتباریان كرد، ئەوان نەیانهێشت لەگەڵ هۆز و كەسایەتییەكانی ئەو پارێزگایانە كۆ ببێتەوە جوێنیان پێی دا و پێڵاویان بۆی بەرز كردەوە، هەموو ئەوانە لەبەرچاو و بێدەنگی هێزە ئەمنییەكانهی عێراق.

لەو كاتەی حزبی دەعوەی ئیسلامی كە مالیكی سەرۆكایەتی دەكات رای گەیاند كە ئەو دەستدرێژییەی لەیاسا دەرچووان بۆ كۆنگرەكەی مالیكی لە بەسڕە كە بەشدارانی كۆنگرەكەی لە سەرۆك هۆز و خێزانی شەهیدان و هاووڵاتییانی كردە ئامانج رووی رەشی ئەوانی پێشان داوە و هەوڵێكیش بووە بۆ دەستدرێژیكردن بۆسەر مالیكی كە دەرچوونە لە یاسا و دەستوور. 

حزبی دەعوە دووپاتی كردەوە كە ئەو پابەندی پاراستنی سەرۆك و لایەنگرانی خۆیەتی بۆ وەستاندنی دەستدرێژیكاران و داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد كە رێگری لەو باندانە بكەن كە یاری بە ئاسایشی هاووڵاتییان دەكەن. 

حزبی دەعوە داوای لە لاینەگرانی كرد كە سەرەتا پەنا بۆ یاسا دەبەین ئەگەر سوودی نەبوو ئەو كات خۆتان بۆ دووەم "هەڵمەتی شۆڕەسواران"  ئامادە بكەن وەك ئاماژەیەك بۆ یەكەم هەڵمەتی لە 2008 هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بەسرە لەدژی لایەنگرانی سەدر كرا ئەو كاتەی مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو و سەدرییەكانی بە دەرچوون لە یاسا تۆمەتبار كرد و سەتانی لێ كوشتن و لە زیندانی كردن كە هەندێكیان تا ئێستەش لەوێن، ئەوەش نێوان سەدر و مالیكی ئاڵۆز كرد.  

لای خۆیەوە هاوپەیمانی نیشتیمانی بێزاری خۆی لەو رووداوانەی بەسڕە پێشان دا و لە بەیاننامەیەكدا كارەكەی بە دەرچوون لە یاسا وەسف كرد و داواشی لە هەردوو لا كرد كە پابەندی یاسا یەكپارچەیی هاوپەیمانی نیشتیمانی بن و داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد بۆ پاراستنی ئاسایش و لێپرسینەوە لە پێشێلكاران.  

باسم مەیاحی بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغدا لەو بارەوە رای گەیاند كە مالیكی و لایەنگرانی چیتر توانای هەڕەشەكردنیان بە دووەم هەڵمەتی شۆڕەسواران نەماوە و مالیكی پاڵپشتی جەماوەری خۆی لەدەست داوە و هیچ بنكەیەكی جەماوەری نییە وەك خەیاڵ دەكات.

مالیكی پێشتر لە 23ی تشرینی دووەم لە كەربەلا كەوتە بەر هێرشی لایەنگرانی سەدر بە شوشە و دەبەی ئاو و بریندار كرا، خەڵكەكە بە دز و گەندەڵ ناویان برد و رەتیان كردەوە لە ریزی سەردانیكارانی چڵەی ئیمام حوسێن بێت.

مالیكی بە هۆكاری سەرەكی هەموو تەنگژەكانی عێراق دادەنرێت هەر تەنگژەكانی دارایی و سیاسی و ئەمنی و نانەوەی دووبەرەكی تایفی لە رێگەی سیاسەتە تاكەكەسی و تەسكەكانی كە زەوینەیەكی لەبارەی بۆ هاتنی داعش بۆ ناوچە سوننەكان دروست كرد و فەرمانی بە پاشەكشەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دا لە 2014. 

ئەمڕۆ سێشەم موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر ستایشی ناڕەزاییەكان لە دژی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلایەن خەڵكی بەسڕە و چەند پارێزگایەكی باشوور كرد، هاوكات فراكسیۆنی ئەحرار رای گەیاند كە بەشێك نین لە هاوپەیمانی نیشتیمانی و تەنانەت شتێك نەماوە بەوناوەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، سەدر لە حیسابی خۆی لە تویتەر لەبارەی ناڕەزایی جەماوەری لەدژی سەردانەكەی مالیكی بۆ چەند پارێزگایەكی باشوور نووسیویەتی كە بەڕاستی گەلی عێراق لە دوڕ و زیو جوانترە و رێزی خۆی بۆ ئەو هۆزانە پێشان دا كە سەردانەكەی مالیكیان رەت كردەوە. 

میساق مۆزانی پەرلەمانتاری ئەحرار لەو بارەوە رای گەیاند كە تا ئێستەش بۆ ئەوان شتێك نییە بەناوی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق، بەڵكو كۆمەڵە بارستەیەكی سیاسین كە بەرژەوەندی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی گشتی و ئەوەش ناونانرێت بە هاوپەیمانی یان نیشتیمانی، دووپاتی كردەوە كە ئەوان ناكۆكن لەگەڵ یەكتری.  

زیاتر گوتی، وەك ئەندامانی رەوتی سەدر خۆمان بە بەشێك لەو هاوپەیمانیەتییە نازانین و ئاماژەی كرد و كەی بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندی تایبەتی كەوت ئێمەش لەگەڵیداین و دووپاتی كردەوە كە ئەوەی لە بەرامبەر سەردانەكەی مالیكی لە پارێزگەكانی باشوور روویان دا خۆپێشاندانی میللی بوو نەوەك سیاسی.

سەرچاوە: ئیلاف، مەدا پرێس



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل