یەكێتی لەرێی ئاسیاسێڵ دەنگ كۆ دەكاتەوە و هاووڵاتییان بێزار دەكات

:: PM:03:32:19/09/2018 ‌

 
شێوازی بانگەشەكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مایەی نیگەرانیی هاووڵاتییانە، شێوازێكی تری بانگەشەی یەكێتی ناردنی نامەی كۆمپانیای ئاسیاسێڵە بۆ هاووڵاتییان.
 
ژمارەیەك هاووڵاتیی ناوچە جیاجیاكانی گەرمیان  "وشە"یان لەوە ئاگادار كردەوە، لەرێی مۆبایلەكانیانەوە نامەیان بۆ هاتووە و داوای دەنگدانیان لێ كراوە بۆ لیستی یەكێتی و دروشمەكانی ئەو حزبە نووسراوە و لە پاشاندا نووسراوە دەنگ بەلیستی یەكێتی بدەن.
 
شنۆ حەسەن بۆ "وشە" ئاماژەی دا، داوا كراوە دەنگ بە لیستی یەكێتی بدرێ. ئاری كەریم هاووڵاتییەكی تر پێی وایە ناكرێ سەرباری تەلەڤزیۆن و رۆژنامە و داگیركردنی ستوونی كارەبا و دیواری ماڵان بانگەشە ببرێتە ئامێرەكانی پێوەندیشەوە.
 
هەر لەم هەفتەیەدا كەمپینی قوباد تاڵەبانی لە گەرمیان، لەرێی پێوەندی تەلەفۆنییەوە مامۆستایانی گەرمیانی لە كارەكانی تاڵەبانی لە حكوومەت ئاگادار كردەوە و رای وەرگرتن لەسەر لیستی یەكێتی و دەنگدانیان بەو لیستە، ئەوەش نیگەرانی مامۆستایانی لێ كەوتەوە.
 
دكتۆر غالب محەمەد نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، دەبێ كۆمسیۆن لەسەر شێوازی بانگەشەی یەكێتی بێتە دەنگ.
 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سلێمان تاشان