باوكێك بەتۆمەتی فڕێدانی دوو منداڵەكەی گیرا

:: PM:01:08:20/09/2018 ‌
لە شاری سلێمانی شەوی ڕابردوو كەسێك دەگیرێت بەتۆمەتی فڕێدانی دوو منداڵەكەی بۆ سەر شەقام و پۆلیس ئاشكرای دەكات منداڵەكان بۆ خانەی چاودێری براون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لە گەڕەكی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی لە سەعات سێی بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ، باوكێك دوو منداڵی خۆی بەلێدان و ئەشكەنجە فڕێ داوەتە سەر شەقام.

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كردووە، هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ‌ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و توانراوە تۆمەتبار (باوكی منداڵەكان) بگرن بەفەرمانی دادوەر و بەگوێرەی‌ مادەی 7ی خێزانی.

ئاماژە دراوە، ئێستە منداڵەكان بۆ خانەی چاودێری مێردمنداڵان گواستراونەتەوە، هەروەها لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە.

لە ساڵی 2016 لە هەرێمی كوردستان دوو ڕووداوی لەم شێوەیە هەبوو، دوای دۆزینەوەی كەسوكاریان دەركەوت بەهۆی هەژاری و كەمدەرامەتی دایك و باوكیان فڕێی داون، دوای پڕكردنەوەی بەڵێننامە لەلای دادوەر دایك و باوكەكە ئازاد كران.




وشە - رامیار جەواد