ژماره‌یه‌كی زۆر ژنان به‌شدارییان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كردووه و خۆیان بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی كوردستان كاندید كردووه، له‌م ڕێیه‌شه‌وه ده‌یانه‌وێ مافه خوراوه‌كانیان وه‌ك ژن به‌ده‌ست بێننه‌وه و دژی كوشتن و توندوتیژییه‌كانی دژ به ژنان بوه‌ستنه‌وه.
له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه بڕیاره بۆ دیاریكردنی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، 257 ژن له حزب و لایه‌نه جیاوازه‌كان خۆیان كاندید كردووه، پێشبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، هه‌ر یه‌كێكیشیان ئامانجێكی جیاوازییان هه‌یه كه به گشتی له هێنانه‌وه‌ی مافه خوراوه‌كانی ژنان له هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
"سۆزان حوسێن" پارێزه‌ر، كاندیدی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌رییه، ده‌یه‌وێ یاسای تۆكمه بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژ به ژنان دابنرێت، سنوورێك بۆ یاساكانی په‌رله‌مانیش دابنرێت، چونكه پێی وایه هه‌ر یاسایه‌كیان به جۆرێك له جۆره‌كان سوودی بۆ ژنان نه‌بووه و فره‌ژنیش به نموونه ده‌هێنێته‌وه.
ئه‌و كاندیده له‌مباره‌یه‌وه به "وشه"ی گوت: "له‌باره‌ی فره‌ژنییه‌وه یاسایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت (هه‌ر پیاوێك ژنی دووه‌م بهێنێت، به پاره سزا ده‌درێت)، كه‌چی سه‌تان پیاو له‌م هه‌رێمی كوردستانه چوون له كه‌ركووك و خانه‌قین و ناوچه‌كانی تر ژنیان ماره كردووه، كه هاتوونه‌ته‌وه ناو ماڵ و منداڵه‌كه‌شیان، هیچ یاسایه‌كی سزادان بوونی نه‌بووه، چونكه ده‌قی یاساكه هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو بنووسرێت (هیچ پیاوێك له هه‌رێمی كوردستان نابێت ژنی دووه‌م بهێنێت)، یاساكه‌ش به ڕژدی كاری له‌سه‌ر بكرایه".
"چلانه نه‌سره‌دین" كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه، ئه‌میش ئامانجی له په‌رله‌مان خزمه‌تكردنی ژنانی كورده و ده‌یه‌وێ مافه‌كانیان بپارێزێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به "وشه"ی گوت: "له په‌رله‌مان به‌رگری له ژنانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌م، كه شانبه‌شانی پیاوان به‌رگرییان له خاك كردووه و دژی دوژمنان وه‌ستاون".
زیاتر گوتی: "ده‌مه‌وێ كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م، یاسایه‌ك له په‌رله‌مان دابنرێت، سزایه‌كی گونجاوی قوڕسی ئه‌و پیاوانه بدات كه توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنان ده‌كه‌ن، تا ببنه وانه‌یه‌ك بۆ پیاوانی تر و دیارده‌كه ڕوو له كزبوون و نه‌مان بكات".
"كوردستان حه‌مه‌ڕه‌شید" كاندیدی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بڕیاری داوه كار بۆ ژنان بكات، تا بتوانن به‌شداری له ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان و حزب و حكومه‌تدا بكه‌ن، ده‌یه‌وێت ڕێژه‌ی ژنان %30 بۆ %50 له‌ناو كار شوێنه گشتییه‌كان زیاد بكات، چونكه پێی وایه ژنان له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێگه‌ی خۆیان سه‌لماندووه و ده‌توانن ئامانجه‌كانیان به‌دی بێنن.
هه‌روه‌ها به "وشه"ی گوت: "هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه یان نه‌هێشتنی توندوتیژی دژ به ژنان ده‌ده‌م، ده‌مه‌وێ ژنی كوردستان له‌مه‌ودوا وه‌ك مرۆڤی خاوه‌ن بڕیار سه‌یری بكرێت، نه‌ك وه‌ك مرۆڤێكی پله دوو".
"شادی نه‌وزاد" كاندیدی نه‌وه‌ی نوێ، ئامانجی له چوونی بۆ په‌رله‌مان بریتییه له دروستكردنی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زیی، كه پێی وایه ئه‌مه‌ش چه‌ند هه‌نگاوێكی ده‌وێت و پێویسته له په‌رله‌مانه‌وه به وردی كاری له‌سه‌ر بكرێت.
زیاتر به "وشه"ی گوت: "پێویسته كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی یاسای توندوتیژی خێزانیی بكه‌ین، كه پێویسته كۆمه‌ڵێك خاڵی تێدا ده‌ستكاری بكرێت، تا بتوانین وا له ژنان بكه‌ین هه‌ست به ئازادیی بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و تاوانبارانه‌ش بگیرێن كه دوای ئه‌نجامدانی تاوانه قێزه‌ونه‌كانیان به‌رانبه‌ر ژنان، هێشتا نه‌گیراون و به ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه".
بڕیاره 30ی ئه‌یلوول هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 29 لیست و قه‌واره و سێ هاوپه‌یمانی به به‌شداری 773 كاندید كه 257 دانه‌یان ژنن، كێبه‌ركێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.
سلێمانی / لۆڤه محه‌مه‌د