بۆچی ئێران داعش بە هێرشەكەی ئەهواز تۆمەتبار ناكات؟


سەرەڕای ئەوەی رێكخراوی داعش بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكەی دوێنێی شاری ئەهواز بۆ سەر نمایشێكی سەربازی سوپای ئێران لە ساڵوەگەڕی جەنگی ئێران-عێراق راگەیاند، كە بووە هۆی كوژرانی 29 كەس و برینداربوونی دەیان كەسی تر، دەسەڵاتدارانی ئێران سووربوون لەسەر ئەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە گرووپێكی پاڵپشتیكراون لەلایەن ئەمەریكا و دوو وڵاتی كەنداوی نەیار بۆ ئێران، بەڵام بۆچی رێكخراوی داعشی تۆمەتبار نەكرد؟.

ئێران رای گەیاند كە ئەندامانی گرووپە هێرشبەرەكە كە هەموویان لەو هێرشەدا كوژران، لە چەند وڵاتێكی كەنداو مەشق و راهێنانیان پێ كراوە و ئەو قسانەی ئێران لە بەرژەوەندی ستراتیجیەتی خۆیەتی، چونكە ئەگەر دانی بە بەرپرسیارەتی داعش لە ئەنجامدانی هێرشكە دانابووایە، كارتێكی گرنگی لەدەست دەدا كە دەتوانێت سوودی لێ ببینێت.  

چاودێر بۆ هێرشەكە تێبینی دەكات هەڵوێستی ئێران كە راگەیاندنی داعشی بۆ بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی هێرشەكە تێپەڕ كرد و سووربوو لەسەر ئەوەی شانەی هێرشبەر پێوەندیان بە لایەنی نەیار بۆ ئێران هەیە بە سەركردایەتی ئەمەریكا، ئەوەیش لەگەڵ بانگهێشتنەكەی ئێران دەگونجێت كە بە بەردەوام دووپات لە بەرپرسیارەتی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو لە پاڵپشتیكردنی تیرۆر لە سووریا و عێراق دەكاتەوە، ئەوەیش لەو كاتەی بەڵگەنامەی هەواڵگریی ئەمەریكا و رۆژئاوا دووپات لە بوونی پێوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و قاعیدە و داعش و بزووتنەوەی تاڵیبان دەكەنەوە.  

تەنانەت زۆرێك لە سەرچاوەكان دووپات لە پەرەسەندنی كردە تیرۆریستییەكان لە ئەفغانستان و گۆڕەپانەكانی تری وەك عێراق و سووریا و یەمەن بۆ بەرژەوەندی ئەجیندای ئێرانی دەكەنەوە لە چوارچێوەی ململانێی پەرەسەندووی لەگەڵ ئەمەریكا و هێزەكانی ناوچەكە.

دووپاتكراوەیە كە كردەیەكی بەو شێوەیە تۆكمە لەلایەنی هەواڵگرییەوە دوورە تەنیا شانەیەكی چەكدار ئەنجامی بدات، ئەگەر مەشق و راهێنانی پێویستیان وەرنەگرتبێت و پاڵپشتی فرەوانی لۆجیستیان نەبێت كە ئەوانەیش لای داعش دەست دەكەون، دواتر گۆڕەپانی هێرشەكە لە ناوچەیەكی عەرەبی سوننەی فەرامۆشكراوە و بزاوێكی نیشتیمانی نارازی تیادایە كە پێشتر چەندان كردەی سەربازی جێبەجێ كردووە وەك بەرجەستەكردن و ناڕەزایی لە بەرانبەر جیاوازیكردن لە نێوان دانیشتوانی ئێران و پاڵەپەستۆ خستنە سەر ناوچەكە، كە ئەو كردەیەیش لەگەڵ ئەوانی پێشوو تێك دەكاتەوە كە كاروانی سوپای پاسدارانی لە ناوچەی بلوشستان لە رۆژهەڵاتی ئێران كردە ئامانج كە خاوەنی زۆرینەی دانیشتوانی بلووشی سوننەن و ناوچەكانی باكوری رۆژئاوای ئێران كە كوردنشینە یان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە لە ئەهواز كە زۆرینەی عەرەبن.    

سەرەڕای ئەوە ناتوانرێت هێرشەكە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە جیا بكرێتەوە، بەتایبەتی كاتێك ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بە بەردەوام باسی گواستنەوەی ململانێكانیان بۆ ناو خاكی ئێران دەكرد، لە وەڵامی دەستوەردانی لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن و بەحرێن، بەتایبەتی لە سایەی ئامادەیی چەند لایەنێكی ئێرانی بۆ گواستنەوەی جەنگەكە بۆ ناو ئێران، ئەوەیش لە سایەی سیاسەتی فەرامۆشكردن و جیاكردنەوە كە سەرانی ئێران لە دژی ئەتنە جگە لە فارسەكانی ئەو وڵاتە پێڕەوی دەكەن.

كاردانەوەی سەرەتایی ئێران بۆ هێرشەكە باسی رێكخراوی داعشی نەكرد كە خۆی بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆ و سوور بوو لەسەر هەڕشەی تۆڵەسەندنەوە لە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكە، كە ئەوەیش دەرگە لەسەر لیستێكی دوورودرێژی ئامانج دەكاتەوە كە رەنگە ئێران پەنا بۆ لێدانیان ببات لە ناوچەكە بەتایبەتی لە رێگەی گرووپەكانی پاڵپشتیان دەكات، چونكە ئەگەرێكی دوورە سوپای ئێران و پاسداران راستەوخۆ كردەیەكی سەربازی لەدژی ئامانجەكانی ئەمەریكا و كەنداو ئەنجام بدەن.

لەو ناوەدا بەدوور نازانرێت كە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە رێگەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بكرێنە ئامانج كە زۆرجار لەسەر زاری سەركردەكانی هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كراوە، بان بە كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە رێگەی داعش و بزووتنەوەی تاڵیبانەوە یان لە سووریا.

لەگەڵ ئەوەیش گۆڕەپانی كەنداو بۆ سوپای پاسدارانی ئێران هەر وەك گرنگترین شوێن دەمێنێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەهواز، بەتایبەتی لەگەڵ سووربوونی ئێران بە تۆمەتباركردنی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو بە هێرشەكە، ئەوەیش مانای ئەوەیە سعوودیە و بەحرێن و ئیمارات ئامانجی ئێرانن و بەو پێیەی پێوەندی توندوتۆڵ لە نێوان ئێران و قاعیدە و داعش هەیە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێزە كە قاعیدە و داعش ئەو هێرشانە ئەنجام بدەن.  

هێرشەكەی ئەهواز رەنگە سەرەتای وەرزێكی نوێی كردەی فرەوان و كاردانەوەی تۆڵەسەندنەوەی نێوان ئێران و نەیارانی لە ناوچەكە بێت كە قاعیدە و داعش یەكێك دەبن لە گرنگترین ئامرازەكانی، ئەوەیش پەیامێكی ئێرانە بە توانای بۆ كارتێكردنی لە ئاسایشی ناوچەكە، بەڵام ئەو كردانە و كاردانەوەی ئێران ناتوانن زیان لە هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بگەینن، چونكە تاران بە رژدی ئەمەریكا لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران لەو قۆناغەی ئێستە باش دەزانێت، ئەوەیش مانای بەردەوامی و گەرمتربوونی جەنگی بە وەكاڵەتە لە ناوچەكەدا.

وەلید تەباتەبائی، پەرلەمانتاری كوێتی لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هێرشەی دوێنێ نمایشێكی سەربازی لە ناوچەی ئەهواز لە ئێران كردە ئامانج، ئەگەری زۆرە لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە پلانی بۆ داڕێژراو بێت، ئەوەیش بۆ بەرژەوەندی رژێمی ئێران، بۆ نموونە بەمەبەستی تۆمەتباركردنی سعوودیە و وڵاتانی تریش و سەرقاڵكردنی ئێرانییەكان لە دۆخی خراپی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ئەو پەرلەمانتارە لە تویتێك لە تویتەر دووپاتی كردەوە، ئێران كانگەی تیرۆرە لە ناوچەكە و هەموو گرووپە توندڕۆكانی وەك قاعیدە و داعش لە ئامێزی ئێرانن و داڵدەیان دەدات.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:09:19:23/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌