هەڵوێستی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لەسەر پۆستی سەركۆمار ئاشكرا كرا

:: PM:09:00:24/09/2018 ‌
ئەمینداری‌ گشتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رای گەیاند كە سەرۆكایەتی كۆمار پشكی كوردە و بەركەوتەی هەڵبژاردنە و دەبێ هێزە سیاسییەكان پێكەوە پاڵێوراوێك بۆ ئەم پۆستە دیاری بكەن.

بەگوێرەی‌ راگەیەندراوێكی‌ نووسینگەی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنگرانی حزبەكەی لە كۆیە ڕای گەیاندووە، سەرۆكایەتی كۆمار پشكی كوردە و بەركەوتەیە و دەبێ هێزە سیاسییەكان پێكەوە پاڵێوراوێك بۆ ئەم پۆستە دیاری بكەن و بەئەنجامەكەیشی رازی بن.

ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دووپاتی كردووەتەوە كە ڕەوا نییە ئەم پۆستە ململانێی لەسەر بكرێت.

دوای ئەوەی یەكێتی بەبێ‌ پرسی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرد و یەكڕیزی كوردستانی تێكدا، ئێستە كورد خاوەنی چەند كاندیدێكە بۆ ئەو پۆستە و فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی و بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی دیاری كراون.

پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستكەتەی هەڵبژاردن پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەهۆی ئەوەی ئەو حزبە توانی 25 كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەست بێنێت و ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم