دوای دووجار هاوسەرگیری.. كچێك لە سلێمانی لەلایەن باوەژنەكەیەوە دەردەكرێت

:: PM:08:36:25/09/2018 ‌
ساكار دووجار هاوسەرگیری دەكات، لەبەر ئەوەی لە ماوەی دەسگیرانیدا لەگەڵ مارە بڕاوەكەیدا ڕووبەڕووی چەند گرفتێك دەبێتەوە، پێش گواستنەوە جیا دەبێتەوە، دووەم جار كە هاوسەرگیری كردوو پێش گواستەنەوەی جیابوویەوە مانگێك پێش ئێستبوو، ئەو لەگەڵ باوكی و باوەژنەكەی دەژیا، بەڵام ماوەی مانگێكە باوەژنەكەی دەری كردووە و پێی گوتووە كچ ئەگەر بەشەرەف بێت لە دوو پیاو یەكێكیان دەتوانێ بیگرێتە خۆ.

ساكار كچێكی تەمەن 30 ساڵە خەڵكی سلێمانیە، دوای ئەوەی لە دەسگیرانەكەی جیا دەبێتەوە و لەلایەن باوكی و باوەژنەكەیەوە لە ماڵ دەردەكرێت ئێستە لە ماڵی ئامۆزایەكی دەژیت، ساكار باسی كێشەكەی خۆی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، كێشەكەی لەوە گەورەترە كە دووجار جیابۆتەوە و لەماڵەكەی دەركراوە، وەك خۆی باسی دەكات لە هەردوو دەسگیرانەكەیەوە ئەوەی بەرانبەری كراوە وای لێكردووە نەفرەت لەژیانی هاوسەرگیری بكات.

" پێش ئەوەی بچمە زانكۆ دایكم كۆچی دوای كرد، باوكم نەوەستا تا دایكم چلەی بچی خێرا هاوسەرگیری كرد، ژنێكی هێنا بەس بەناو ژنە ئاگر ئەهوەنترە من لەماڵی مام و پورەكانم خوێندنم تەواو كرد، چونكە ئەو نان و شەقی دەدامێ خوشك و براكەشم هاوسەرگیریان كردووە و لەماڵێ خۆیان نە ئاگایان لە حاڵمە نەهەرگیز دەمگرنە خۆیان، بۆیە بوومە كەسێك بێ ماڵ و بێ كەس و بێ داهاتوو" ساكار وای گوت.

ساكار لە زانكۆی هەولێر وەردەگیرێت و درێژە بەخوێندن دەدات، لەماوەی ئەو چوار ساڵەی لە هەولێر دەخوێنێت، پێوەندی لەگەڵ مامۆستایەكی زانكۆ دادەنێت و هاوسەرگیری دەكەن، دوای سێ مانگ لە دەسگیرانی بۆی دەر دەكەویت كە دەسگیرانەكەی جۆرێك لە نەخۆشی پێستی هەیە و نەخۆشیەكەی گوزراوەیە، ئەو دووپات لەوە دەكاتەوە كە سەرەتای زانینی قبووڵی بووە، بەڵام باوەژنەكەی و باوكی گرفتی زۆریان بۆ دروست كردووە تا وایلێهاتووە كاردانەوەی ئەوان بووەتە كێشەی گەورە لە نێوانیان.

ساكار باسی ئەو جیابوونەوەیە لە دەسگیرانی یەكەمی دەكات و دەڵێت، باوەژنەكەم ڕووبەڕوو پێی دەگوت تۆ گەڕبووی نابێت بێتە ماڵمان باوكم دەیگوت تۆ و منداڵەكانیشت گەڕ دەبن، كاردانەوەی ئەوان وای لە دەسگیرانەكەم كرد ببێت بە كەسێكی زۆر خراپ لەگەڵم، من تاوانم نەبوو بەهەمووشتن ڕازی بووم، بەڵام ئەو بەجۆرێك دڵی شكابوو لەماڵمان بەمنی دەرشت، دوو سێ جار دەمەقاڵێمان كرد توڕەبوونێكی زۆرخراپ تورە دەبوو ئاخر جار ئەوەندەی لێدام بورامەوە، ئیتر لەدوای ئەو جارەوە كۆتای بەهەموو شتێك هات.

لە درێژەی قسەكانی دەڵێت، دوای زانكۆ هاتمەوە ماڵی باوكم باوەژنەكەم هەموو ڕۆژێ بەزمێكی پێدەكردم، لەبەر ئەوەی لێی دووربم، چوم كاری پاكردنەوەی كۆمپانیام كرد بە 250 هەزار دینار لە سەعات هەشتی بەیانی تا پێنجی ئێوارە كە بەوەی زانی چ كارێك دەكەم بە باوكم بەلێدانێك دام قەت بیرم ناچێ، وازم هێناو دواتر كاری ترم كرد، لەماوەی چوارساڵدا چەند كەسی هێنا لەخزمەكانی خۆی بۆی هاوسەرگیری لەگەڵ بكەم لە پیاوی بەتەمەنی ژن مردوو لە پیاوی دەوڵەمەندی دوو ژنە لەهەر جۆرە پیاوێك كە دەوڵەمەندبوو سوودی خۆی تێدابوو، هەموویم ڕەت دەكردوە، خوشكەكەم بە حیسابی خۆی چاكەی لەگەڵ كردم هاوڕیی مێردەكەی دەیویست ژن بێنێت منیان نیشانداو منی بەدڵبووهاوسەرگیریمان كرد.

بۆ جاری دووەم ساكار مارە دەكرێتەوە ئەمجارە ماوەی ساڵێك دەسگیران دەبێت، وەك خۆی باسی دەكات هەموو هەوڵێكی داوە بۆی بگات بە ژیانێكی ئارام، بەڵام نەیتوانیوە، لەماوەی ئەو ساڵەدا خانوو دروست دەكەن و ماڵ دادەنێن، بەڵام لەكۆتایدا دەسگیرانەكەی پێی دەڵێت "نامەوێیت و لێت جیادەبمەوە".

ساكار نایشارێتەوە كە بەهۆی دڵپیسی و ڕەزیلی دەسگیرانەكەیەوە زۆرجار كێشە و دەمەقاڵێیان بووە، بەڵام هەرگیز چاوەڕیی ئەوەی نەبووە، بۆیە سەرەتا جیابوونەوەیان ڕەت دەكاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی  هۆكاری بڕیاری دەسگیرانەكەی بۆ ئاشكرا دەبێت و دەزانێت دەسگیرانەكەی پێوەندی لەگەڵ كچی پورەكەیدا هەیە، بڕیاری جیابوونەوەكە قبوڵ دەكات.

ئەو كە نازانێ داهاتووی بەكوێ دەگات، ئێستە لەماڵێ ئامۆزاكەی دەژیت، دەڵێت نازانم لە نەزانی خۆم یان خراپی باوكم و نەبوونی دایكمەوە وام بەسەر دێت، بەڵام ئەوەی دەیزانم ئەوەیە من هیچم نەكردبوو كە شایەنی ئەوەبم دووجار لەكۆتای ڕێگادا بگەرێمەوە خاڵی سەرەتا، ئێستەیش جلەكانم لەوماڵەیە كە لەگەڵ دسزگیرانەكەم خەیالی پێكەوە بوونمان تێدا هەڵچنی بوو، ئەو خەیاڵانەی هەمیشە من دروستیان دەكەم و كەسیكیتر دەبێت بە خاوەنی.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرحمان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم