دوایین زانیاری لەسەر ڕووداوەكەی بەردەم ماجدی مۆڵ لە هەولێر

:: PM:09:46:25/09/2018 ‌
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی هەولێر رەتی كردەوە رووداوەكەی بەردەم ماجدی مۆڵ لە شاری هەولێر، تەقینەوەیەكی تیرۆریستی بێت و دووپاتی كردەوە كە لەئەنجامی پێكدادانی دوو ئۆتۆمۆبیل، تانكی سووتەمەنی یەكێك لە ئۆتۆمۆبیلەكان گڕی گرتووە.

ئەمشەو دوای دەنگێكی گەورە لە شاری هەولێر دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە تەقینەوە لەشارەكەدا ڕووی داوە، بەڵام ئەو دەنگۆیە ڕەت كرایەوە.

نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە شوێنی ڕووداوەكە ڕای گەیاند، هیچ پاشماوەیەكی مادەی تەقینەوە لە شوێنی ڕووداوەكەدا نییە و دووپات لەوە دەكەینەوە كە ڕووداوەكە تیرۆرستی نییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ڕووداوەكە بەهۆی پێكدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێل ڕووی داوە و سێ‌ كەسیش بەهۆی ڕووداوەكەوە گەیەنراوەنەتە نەخۆشخانە.

هاوكات عەبدولخالق تەلعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر دڵنیاییدا كە شاری هەولێر ئارامە و لێكۆڵینەوەكانیش لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەوامە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم