هێڵی فریاكەوتن بۆ بەهاناوەچوونی ژنان ڕاگەیەنرا

:: AM:11:34:26/09/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی ژنانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێڵی فریاكەوتنی خێرای بۆ ژنان ڕاگەیاند لە ئەگەری هەڕەشە لێكردنیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی ئەیلوول، كوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بەئامانجی گەیشتنی دەنگی ژنان كە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە هاوكاری ڕێكخراوی unfpa هێڵی گەرمی 119ی راگەیاند.

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان گوتی، ئەم هێڵە وەك هێڵی فریاكەوتنە و بۆ هاوكاریی ئەو ژنانەیە كە لە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەبێ بەرانبەر دەتوانرێ لەهەر كاتێك بێت پێوەندی بەم ژمارەوە بكەن.

ئاماژەی دا، لە ڕێی ئەو هێڵەوە جگە لە فریاكەوتن، هاوكاری یاسایی و كۆمەڵایەتی پێشكەش بەژنان دەكرێت.

هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ئاگەدارییەكیدا داوای لە هەموو ئەو ژنانە كرد لە ڕێی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان لەلایەن كەسانێكی تر، پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانیان بكەن لە شار و شارۆكەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكەیان.



وشە - رامیار جەواد