په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: سه‌ردانه‌كه‌ى پارتى بۆ سلێمانى به‌سته‌ڵه‌ك ده‌توێنێته‌وه‌

:: PM:08:51:14/12/2016 ‌

بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو، پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌ردانى سلێمانى بكات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆ ببێته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش پێی وایه‌، ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌توانی به‌سته‌ڵه‌كی نێوان لایه‌نه‌كان بتوێنێته‌وه‌.

ڕێواس فایه‌ق حسین ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند: یه‌كێتى به‌ فه‌رمى ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ ده‌رگه‌ كراوه‌یه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ پارتى و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان بۆ مه‌به‌ستى ئاشته‌وایى سیاسى و دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

ڕوونیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئومێدمان زۆره‌ كه‌ هاتنى پارتى بۆ سلێمانى به‌سته‌ڵه‌كى نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ناو حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان بتوێنێته‌وه‌ و متمانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان دا له‌ ڕێگه‌ى ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى له‌بار هه‌وڵى ڕژدیی بدرێ  بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.

ڕێواس فایه‌ق ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو: پێى وا نییه‌ كه‌ هاتنى شاندی پارتى بۆ لاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى به‌ یه‌كجارى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكات، به‌ڵام وه‌ك خۆى ده‌ڵێت،  ده‌روازه‌یه‌كى باشه‌ بۆ ئه‌نجامدانى گفتوگۆ و له‌یه‌كترگه‌یشتن و كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ به‌ ڕووى یه‌كتر.

ده‌شلێت پێشنبینى ده‌كه‌م كه‌ پارتى دواى خوێندنه‌وه‌ى زمانى سیاسى هه‌موو لایه‌نه‌كان پڕۆژه‌یه‌ك بخاته‌ ڕوو بۆ چاره‌سه‌رى كۆى گرفته‌ سیاسى و ئابوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ پێویستى به‌ كات بێت و له‌ پێش هاتنى ساڵى نوێ دروست نابێت.

ئه‌مڕۆ مه‌حموود محه‌مه‌د گوته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان ئاشكراى كرد، شانده‌كه‌ى پارتى پێكهاتوه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى، عزه‌دین به‌روارى، مه‌حموود محه‌مه‌د و كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى، هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د كانى و دلشاد شه‌هاب ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى.

سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنە كوردستانییەكان دوای پەیامەكەی رۆژی شەموو 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر دێ، كە ئاراستەی ڕای گشتی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێكبهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.

دوای بڵاوكردنەوەی ئەم پەیامە حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێشوازیان لە ناوەرۆكی پەیامەكە كرد و بە هەنگاوێكی باشیان زانی بۆ دەست كردنەوە بە دانوستاندن و كۆتاییهێنان بە تەنگژەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

هه‌ولێر/ هێمن ڕه‌فیق


وشە - كوردۆ شابان