ئەمەریكا موژدەیەك بە خەڵكی كوردستان دەدا

وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دووپاتی كردەوە، كە ئەمەریكا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی نەوت و وزەی ئێران، وڵاتانی كەنداو و عێراق دوای هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر نەوتی كوردستان، ئەو بڕە نەوتەی ئێران هەناردەی دەكاتە بازاڕەكانی دنیا، قەرەبووی دەكەنەوە.

ریك پیری وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە گوتی، بە خستنەڕووی نەوتی ئەمباركراوی كۆگاكانی ئەمەریكا، دۆخەكە باش نابێ و كاریگەری كورت مەودای دەبێ، دوای ئەوەی ئەمەریكا لە پێنجی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر سزا بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دەسەپێنێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بەگوێرەی ئەو پلانەی لە جێبەجێكردنی سزاكان دانراوە، بڕی هەناردەی نەوتی ئێران لە 1.8 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل كەم دەبێتەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا، ئێمە دڵنیاین و شادین، چونكە وڵاتانی تر قەرەبووی ئەو بڕە نەوتە دەكەنەوە كە لە هەناردەی ئێران كەم دەبێتەوە.

ریك پیری گوتی، لە گفتوگۆ لەگەڵ خالید فالح وەزیری وزەی سعوودیە و ئەلیكسەندەر نۆڤاك وەزیری وزەی ڕووسیا بەردەوامین و لەگەڵ وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوتیش لە هاوئاهەنگیداین، بۆ ئەوەی سەرجەم بڕە نەوتی كەمكراوەی ئێران بۆ بازاڕەكانی دنیا قەرەبوو بكەنەوە.

زیاتر گوتی، بەرهەمی نەوتی ئەمەریكا لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەگاتە 11.5 ملیۆن بەرمیل نەوت، لە كاتێكدا ئێستە 10.66 ملیۆن بەرمیل نەوتە، هەریەك لە كوێت و سعوودیە دەتوانن 250 تا 300 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بكەن، جیا لەوەیش حكوومەتی ناوەندی لە عێراق گەمارۆكانی سەر نەوتی كوردستانی عێراق لادەبات و 250 هەزار بەرمیل نەوتی تر بە فەرمی لە هەناردەی نەوتی عێراق زیاد دەبێ، بەمشێوەیە سەرجەم ئەو بڕە نەوتەی لە هەناردەی نەوتی ئێران كەم دەبێتەوە، بەهۆی سزاكان، لەلایەن كوێت و سعوودیە و عێراق و ئێمەوە قەرەبوو دەكرێتەوە.

جێی باسە، ئێستە بەهۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق ڕێگرە بە فەرمی هەرێمی كوردستان نەوت هەناردە بكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچارە بە 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دەفرۆشێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:35:03/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 22701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌