ئایا سیستەمی پەروەردە فێرمان دەکات یان گەمژەمان دەکات؟


:: PM:05:29:07/10/2018 ‌


زاناکانی ناسا دەڵێن هەموومان وەک بلیمەتانی داهێنەر لە دایک دەبین، بەڵام سیستەمی پەروەردە گەمژە و نەزانمان دەکات.



لە گرتە ڤیدیۆییەکی "تێد ئێکس"دا، دکتۆر جۆرج لاند دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نیشانی ئامادەبووان دا و هەموویانی تووشی شۆک کرد، لە توێژینەوەکەدا تاقیکردنەوەیەک لەسەر هه‌زار و 600 منداڵ بۆ دیاریکردنی ئاستی بیرکرندەوەی داهێنەرانە و توانای تازەگەرییان كرا، سەرەنجام لە %98ی منداڵەکان بەسەرکەوتوویی دەرچوون.

 

زاناکان دەرەنجامەکانیان زۆر پێ سەرسووڕهێنەر بوو، بڕیاریان دا درێژە بە توێژینەوەکە بدەن و پاش پێنج ساڵ هەمان تاقیکردنەوە لەسەر هەمان منداڵان بکەنەوە، بینیان ئەمجارەیان تەنها لە %30ی لە منداڵەکان توانییان دەرچن. 

بۆ جارێکی تریش تاقیکردنەوەکەیان لە دوای پێنج ساڵی تر ئه‌نجام دا، ئەمجارە تەنها لە %12یان توانییان دەرچن، 

دواتر پێگەشتوانیان تاقیکردەوە و بینیان تەنها لە %2 کەسانی پێگەشتوو توانای دەرچوونیان هەیە لە تاقیکردنەوەکە. 

بۆ دڵنیابوون لە دەرەنجامەکان توێژینەوەکەیان بۆ ملیۆنان جار دووبارە کردەوە، بەڵام سێر دەکەن هەمان دەرەنجام دەدات بەدەستەوە. یەکێک لەو کەسانەی لەسەر بابەتەکە وتاری نووسیوە دەڵێت، "هۆکارەکانی پشت ئەم دەرەنجامانە گران نین لێیان تێ بگەین، قوتابخانە دەستگایەکە هەر لە مێژووەوە دانراوە تا خزمەتی چینی بەرپرس و حوکمکاران بکات، نەک خەڵکەکە بەگشتی".



هەروەها زیاتر نووسیویەتی، " بۆ ئەوەی ئەو دەستەیە لە حوکومکاران بەردەوامی بە ژیانی پڕ شادی خۆیان بدەن، لە کاتێکدا کەمترین خزمەت دەکەن و زۆرترین ڕادەبوێرن، تێگەیشتوون منداڵان دەبێت گەمژە بکرێت و مێشکیان بشۆردرێتەوە تا سیستەمە ڕووکەشییەکەیان قبوڵ بکەن لەگەڵ چەوساندنەوە بەردوام و جەنگە یەک لەدوای یەکەکانیان".



دکتۆر لاند لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت دەتوانین ئەو توانا زۆر دووبارە بەدەست بهێنینەوە، بەوەی خۆمان فێربکەینەوە دووبارە بەو شێوازە بیربکەینەوە کە منداڵان بیری پێ دەکەنەوە، ئەوەش ئەوەیە لەگەڵ بیرۆکە داهێنەرانەکانماندا "حوکومدان، بڕیاردان، ڕه‌خنە گرتن و هەڵسەنگاندن" ڕابگرین.



بەڵام بەداخەوە ئێمە منداڵانمان وا فێرکردووە لەگەڵ هەر بیرۆکەیەکی تازە، هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن بڵێن ئەمە بیرۆکەیەکی خراپە، ناتواانین ئەنجامی بدەین یان سەر ناگرێت...هتد.


وشه‌/ محه‌مه‌د شابان


وشە - ڕێناس شابان