تێكەڵی سیر و ئاو بخۆی چیت بەسەر دێت؟

:: AM:11:56:08/10/2018 ‌
هەریەك لە ئێمە بیستومانە دەربارەی سودەكانی ئاو بە لیمۆ، یان خەیار یان كەرەوز و زەنجەفیل هەریەك لەم جۆرە گیراوانە سوود و تایبەتمەندیەكی خۆی هەیە.بەڵام ڕەنگە دەربارەی سوودەكانی ئاو سیر هیچت نەبیستبێت، لێرەدا باس لە  چۆنیەتی ئامادەكردنی سیر و ئاو دەكەین لەگەڵ سوودەكانی بۆ جەستە و تەندروستی مرۆڤ.

لە كاتی ئامادەكردنی ئاوی سیردا پێویستە دەستەكانت پاك بشۆیت  و دواتر دوو قاشە سیری تازە ورد بكە، پاشان سێ قاش لیمۆی بۆ زیاد بكە و دواتر هەر دوو پێكهاتەكە بكە كوپێك ئاوی گەرمەوە و سێ دلۆپ زەیتی زەیتوونی تێ بكە، بۆ ماوەی 15 خولەك بیكوڵێنە دواتر بیپاڵێوە و تەنیا ئاوەكەی جیابكەرەوە. دواتر بیخۆرەوە.

رەنگە لە خۆت بپرسیت كە بۆچی دوو پێكهاتە لە دروستكردنی ئەم گیراوەیەدا بەكارهێنراوە كە ئەوانیش لیمۆ و زەیتی زەیتونن.

لیمۆ، تایبەتمەندی دژەئۆكسیدی هەیە، ئاوێتەكە دەپارێزێت لە زیان و هەروەها لیمۆ چەندان تایبەتمەندی گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە كە گرنگە بۆ لەش.

لەلایەكی ترەوە زەیتی زەیتوون، یارمەتی مژینی هەندێك خانەی چەوری دەدات و ڕێ لە زیادبوونی كێش دەگرێت و خانەی چەوری دەسوتێنێت .

سوودە جۆراوجۆرەكانی ئاوی سیر:
ئاوی سیر سودێكی زۆر زۆری هەیە بۆ تەندروستی لەش.یەكێك لە سوودە گرنگەكانی ئاوی سیر ئەوەیە كە مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە و وەكو هێرشی دڵ و جەڵتە. 

ئاوی سیر رێ لە مەینی خوێن دەگرێت، هەروەها فشاری خوێن كەم دەكاتەوە، ڕێ لە كۆڵیسترۆڵ دەگرێت. یەكێكی تر لە سوودەكانی ئاوی سیر ئەوەیە كە بەرگری لەش زیاد دەكات دژی هەوكردن، ئازاری جومگەكان و هەڵئاوسان، و نەخۆشییەكانی پێست كەم دەكاتەوە.

چەند زانیاریەك لەسەر شێوازی خواردنەوەی ئاوی سیر:
ئاوی سیر پێكهاتەیەكی زۆر بەهێزە پێویست ناكات هەموو رۆژێك ئەم گیراوەیە بخورێتەوە، پێویستە هەفتەی دووجار بخورێتەوە  بۆ ئەوەی تەواوی سوودەكانی بە لەش بگات.

باشترین كات بۆ خواردنەوەی ئاوی سیر بەیانیانە لەسەر گەدەی بەتاڵ، ئەگەر كێشەی نزمی پەستانی خوێنت هەیە، باشترە بەبێ‌ ڕاوێژی پزیشكی ئەم گیراوەیە نەخورێتەوە.


وشە - ئاوات ئازاد