هەوێنی دروستبوون و سەرچاوەی بیری دڕندانەی داعش كێ بوون؟


دەركەوتنی رێكخراوێكی تیرۆریستی پەرەپێدراوی وەك داعش لە رووی پلان و رێكخستنی سەربازییەوە شتێكی سادە و هەڕەمەكی نەبوو، تا ئێستەیش ئەو پرسیارە لای زۆرێك هەیە كە جیا لە هۆكارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كە یاریدەر بوون بۆ دەركەوتنی، ئاخۆ هۆكاری شاراوەی دەركەوتنی رێكخراوێكی تیرۆریستی عیار 24 بە تایبەتمەندی دڕندانە چییە؟.

جیا لە هۆكارەكانی تری دەركەوتنی داعش وەك لاوازبوونی رێكخراوی قاعیدە و ئاشكرابوونی لایەنگری سەرانی قاعیدە بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەكە و پێویستبوون بە رێكخراوێكی نوێ و دڕەندەتر و تۆكمەتری تیرۆریستی لەسایەی ئەو دۆخە داهێزراو پووكاوەی ناوچەكە و دەستوەردانی دەرەكی ناراستەوخۆ و فرە جەمسەری و پێویستبوون بە جەنگی بەوەكالەت و دروستبوونی سیناریۆی پڕچەككردنی ناوچەكە بەپاساوی نەهێشتنی تیرۆر، هۆكاری تریش هەن.

بوونی ژمارەیەكی زۆری كەسانی خۆیان بەجیهادی دەزانن بەتایبەتی لە وڵاتانی كەنداو و باكوری ئەفریقیا و ناڕوەڕاستی ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، لە سایەی هەرسێ سەكۆی پاڵنان و راكێشانی ئەوان بۆ ناو توندڕۆترین و دوامۆدێلی بزاوە تیرۆریستییەكان كە ئەوان بە جیهاد و رێگەیەك بەرەو بەهەشتی ناو دەبەن، بوونی ژمارەیەك بانگخواز و پیاوی ئاینی كاریگەر لەو ناوچانە و هەڵمەتێكی بەهێزی راگەیاندنی خودی بزاوە تیرۆریستییەكان و تۆمار و سروودە كاریگەرییەكانیان، هاوكات گەورەكردنی كردە تیرۆریستییەكانیان لەلایەن راگەیاندنی رۆژئاوا، هەموو ئەوانە بوونە هۆی راكێشانی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی سادە و مەشقپێكراویش بۆ ناو ئەو رێكخراوانە.

بۆیە دەركەوتنی رێكخراوی داعش لە سووریا و عێراق بەو شێوەیە و كۆنترۆڵكردنی رووبەرێكی فرەوانی ئەو دوو وڵاتە بێ پێشینە نەبوو، بەڵكو چەندان رێكخراوی تری تیرۆریستی كە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو دروست بوون و رۆڵیان گێڕا، بوونە بناغەی دروستبوونی داعش كە ئەوانیش كاتی خۆی هەمان رەوتی خوێناوی داعشیان پێڕەو كرد بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات و بەشێكیشیان لە جەنگ بەردەوام بوون تا دەركەوتنی داعش و چوونە پاڵییەوە.

وەك لە راپۆرتێكی "حەفریات" هاتووە، چەندان رێكخراوی تیرۆریستی لە دنیا و ناوچەكە بوونە هەوێنی دروستبوون و هزری توندڕۆی داعش لەوانە:

یەكەم/ رەوتی قوتبی، دوای ئاشتبوونەوەی ئەنوەر سادات سەرۆكی میسر لەگەڵ گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی لەو وڵاتە، شێخ عەبدولمەجید شازلی لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەتەی رابردوو لە زیندان ئازاد كرا و لەگەڵ ئەحمەد عەبدولمەجید كە هاوەڵی زیندانی بوو، گرووپی تیرۆریستی "ئەهل سوننە و جەماعە"یان دامەزراند كە بەناوی "رەوتی قوتبیین" دەناسرا.

دووەم/ گرووپی موسلمین، شوكری مستەفا دامەزرێنەری گرووپی موسلمین لە 1965 تا 1971 گیرا، ئەو كە هاتە دەرەوە لە زیندان بیرۆكەكانی تەواو گۆڕا بوون، ئەوە باوەڕی بەوە هات كە ئیسلام نامۆ بووە و دوای ئەوە لەسەر دەستی چینێكی بژارە و بە نووكی شمشێر و لە بەرزاییەكانی یەمەنەوە بەهێز دەبێتەوە، بەپشتبەستن بە دەقە ئاینییەكان.  

گرووپەكەی شوكری مستەفا پەنایان بۆ كۆچكردن و دابڕان لە كۆمەڵگە برد بۆ دروستكردنی كڕۆكی چینە بژارەكەی باسی دەكەن لە رێگەی پەنابردن بۆ چیاو ئەشكەوتەكانەوە، جیا لەوە بۆ دیاریكردنی موسڵمانبوونی كەسەكان داوای زیاتر لە پێنج روكنەكەی ئیسلامیان دەكرد دەیانگوت هەركەسێك خۆی لە گوناه نەپاراست كافرە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە شوكری مستەفا كڕۆكی گرووپی موسلمینی دامەزراند كە لە راگەیاندنەكان بە "گرووپی تەكفیر و هیجرە" دەناسرێت.

سێیەم/ رێكخراوی فنیەی عەسكەری، گرووپێكی زۆر فرەوان و فرەلەقی میسرییە، ساڵح سرییە دایمەزراند و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و جێبەجێكردنی شەرعی خوایان دەكرد بەهەموو شێوازێك لەوانە توندوتیژی و حەڵالكردنی خوێنی كەسەكان، بەڵام ساڵح سرییە لەسێدار درا ودوای ئەو عەبدوسەلام فەرەج بووە سەركردەی گرووپەكە و ئەویش لەو توندڕۆتر بوو و كۆمەڵگەی بەتەواوەتی كافر كرد و تەنیا كوشتن و توندوتیژی بە رزگاركەر دانا. 

چوارەم/ شەوقییون، شەوقی شێخ بەر لەوەی بچێتە زیندان ئاشنایەتی لەگەڵ چەندان گرووپی توندڕۆ هەبوو لەوانە گرووپی "ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە خراپە" كە لە حەفتاكانی سەتەی رابردوو چووە ریزەكانییەوە، دواتر چووە ناو گرووپی جیهاد و دوای ئەویش گرووپی ئیسلامی و رێكخراوی فیرقەی ناجییە و گرووپی "تەوەقوف و تەبەیون"، بۆیە دوای دەرچوونی لە زیندان بڕیاری دا هەموو ئەو بیرۆكانەی پێشووی تێكەڵ بكات و گرووپی "شەوقییەكان" دامەزرێنێت كە لە میسر بڵاو بووەوە و دەستیان بە كاری تێكدەرانە كرد تا كوژرانی شەوقی، بەڵام لە 2008 حلمی هاشم كۆنە ئەفسەری توندڕۆی میسری وەك دووەم ئەمیری شەوقییەكان دەركەوت و دواتر بووە موفتی و سەركردەیەكی داعش و فتوای كوشتنی دڕەندانە و لەبەردەم كامێرای دیلەكانی دەستی داعش بدات. 

پێنجەم/ رێكخراوی تەڵائیع فەتح، گرووپی جیهادی میسڕی لە كۆتای هەشتاكانی سەتەی رابردوو سێ سەربازگەی بۆ راهێنانی ئەندامانی لە ئەفغانستان دامەزراند، لە 1992 رێكخراوەكە دەستی كرد بەكاری چەكداری و لە ناوەڕاستی 1993 نزیكەی هەزار كەسیان لێ گیرا، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبی لە 2011 شانەكانی رێكخراوەكە چالاك بوونەوە وزۆرینەی ئەندامانی مەشق پێكراویان چوونە ریزەكانی داعش.

ئەوانە و دەیان رێكخراوی تری وەك گرووپی جیهاد و كۆمەڵی ئیسلامی و رێكخراوی جیهاد و كۆمەڵەی جیهادی میسری و قاعیدەی جیهاد و ئەنسار بەیت ئەلموقەدەس، كە لێرەدا رەنگە تا رادەیەك وەڵامی ئەو پرسیارە دەست بكەوێت ئاخۆ ئەو هەموو ئەندامە لێكچوو و توندڕۆ و بكوژەی داعش چۆن لە ماوەیەكی كەم كۆبوونەوە و توانیان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و نیوەی رووبەڕی عێراق و سێیەكی رووبەری سووریایش داگیر بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:21:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌