سەرگەڕان..عەرەبە هاوردەكان بە چەكەوە هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییانی كورد

:: AM:11:59:11/10/2018 ‌
ژمارەیەك لە عەرەبی هاوردە كە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هاتوونەتە ناوچە كوردنشینەكان، بەچەك هێرش دەكەنە سەر گوندە كوردییەكان و هەڕەشەی كوشتن لە هاووڵاتییان دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تشرینی یەكەم، بەكر حەسەن ئەفسەری پۆلیس لە كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ‌ چەند چەكدارێك هێرشیان كردووەتەوە سەر گوندی شەناغە، ئەمڕۆیش هەمان كێشە دووبارە بووەتەوە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس گوتی، 20 عەرەبی هاوردە بە چەكەوە هێرشیان كردە سەر گوندی شەناغە بەمەبەستی داگیركردنی زەوییەكان و دەركردنی كوردانی ئەم گوندە و گەڕانەوەیان و بە عەرەبكردنەوەی ناوچەكە، لەلایەن پۆلیسی سەرگەڕان بەهاوكاری فەرماندەی فیرقەی سێی پۆلیسی ئیتیحادی، هێرش كرایە سەر عەرەبە هاوردە و كۆنە بەعسییەكان و 11 كەس لە چەكدارە هاوردەكان گیراون.

ئاشكرای كرد، دوێنێ‌ دوای دوورخستنەوەیان، بە فەرمانێكی حەشدی شەعبی ئازاد كران، بەڵام ئەمڕۆ لە بنكەی پۆلیس هێشتراونەتەوە بۆ ئەوەی بەڵێننامەیان پێ پڕ بكرێتەوە، ژمارەیەكیش لەو كەسانەی سەرپەرشتییان دەكردن، ئێستە گەڕان بە شوێنیان بەردەوامە چونكە هەڵاتوون.

لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاغبردنی نەوتی كەركووك، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و كەركووكیان ڕادەستی میلشیاكان كرد، بەوهۆیەوە 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارەبوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی تر سووتێنران و تەقێنرانەوە، تاڵانی و كوشتوبڕی كورد بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی و بە عەرەبكردن بە چڕی دەستی پێكردووەتەوە و زمانی كوردی لە ناوچەكە قەدەغەكراوە.



وشە - رامیار جەواد