مه‌سروور بارزانی و باڵوێزی سربیا دووپات له‌ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و سربیا ده‌كه‌نه‌وه‌

:: PM:02:51:11/10/2018 ‌
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵوێزی سربیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و پێشڤه‌چوونه‌كان و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئارامی و ئاسایشی كوردستان و هاتنی كۆمپانیاكانی سربیا بۆ كوردستان و پته‌وتركردنی پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و سربیا خرانه‌به‌رباس.

له‌ دیداره‌كه‌ دوا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌لومه‌رجی كوردستان دوای هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوول خرانه‌به‌رباس و دووپات له‌ قووڵتركردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان كرایه‌وه‌.

ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیداره‌كه‌ هیوای خواست ئاستی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و سربیا له‌ بواره‌ جیا جیاكان پته‌وتر بكرێن.

ئوروش بالۆڤ باڵوێزی سربیا له‌ عێراق له‌ دیداره‌كه‌ باسی له‌ ڕۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژه‌ی به‌ پێشكه‌وتنی ڕه‌وشی ئارامی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی، ئه‌و ئارامییه‌ نموونه‌یییه‌ی هه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر و پاڵپشتێكی باش ده‌بێ، بۆ كۆمپانیاكانی سربیا تا بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د