ژمارەیەك قوتابیی نمرە بەرز ناویان لە زانكۆكانی كوردستان نەهاتووەتەوە

:: AM:09:56:13/10/2018 ‌
ژمارەیەك لە قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی نمرەیەكی بەرزیان هێناوە و تا ئێستە ناویان لە هیچ ناوەندێكی زانكۆیی نەهاتووەتەوە، داوا دەكرێت سەردانی ناوەندی وەرگرتنی قوتابییان بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تشرینی یەكەم، نەوزاد حاجی خاوەنی سەنتەری بەهێز بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی قوتابییان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو قوتابییانەی ناویان لە هیچ شوێنێك نەهاتووەتەوە پێویستە، سەردانی ناوەندی وەرگرتنی قوتابییان بكەن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

خاوەنی ئەو سەنتەرە گوتی، بەهۆی submit نەكردنی ناوی خوازراوی قوتابی بۆ وەرگرتن لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕم كێشە دروست بووە و لە هیچ شوێنێك قوتابی هەیە ناوی نەهاتووەتەوە كە كۆ نمرەشی لە سەرووی 80یە.

هاوكات لە ئاگەدارییەكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن و تێیدا هاتووە، كۆمەڵێك دەرچووی پۆلی دوانزەی ئامادەیی كە ژمارەیان (860) دەرچووە، سەرباری ئەوەی كە (50) شوێنیان لە فۆرمەكانی پێشكەشكردن لە سیستمەكانی وەرگرتن پڕ كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لیستی شوێنەكانیان ڕەوانە نەكردووە (Submit)، بۆیە ناویان لە هیچ شوێنێك نەهاتووەتەوە.

خوێندنی باڵا ئاشكرای كردووە، ئەو دەرچووانەی هاوشێوەی نمرەكانیان وەرگیراوە  و‌ (50) شوێنیان لە فۆرمەكانی پێشكەشكردن لە سیستمەكانی وەرگرتن پڕ كردووەتەوە، بەڵام ناویان لە هیچ شوێنێك نەهاتووەتەوە، دەتوانن ڕۆژی یەكشەم ڕێكەوتی (14/10) سەردانی دیوانی وەزارەت/ بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن بكەن بۆ ئەوەی كێشەكانیان یەكل بكەنەوە و  چارەسەر بكرێ، بەشێوەیەك بەپێی نمرەكانیان ناویان لەو شوێنانە بێتەوە كە ئارەزووی دەكەن.



وشە - رامیار جەواد