تاوانەكان لە سلێمانی زیادی كردووە و سەرجەم هێزەكان دەخرێنە ئامادەباشی

:: PM:02:29:13/10/2018 ‌
بەپرسێكی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، تاوانەكان لە شاری سلێمانی زیادی كردووە، بۆیە سەرجەم هێزەكان دەخرێنە ئامادەباشی و بازگە دادەنێن.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تشرینی یەكەم، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لەم مانگەدا تاوانی جۆراوجۆر لە سلێمانی روویان داوە و رێژەكە زیادی كردووە، بۆیە لە ئەمڕۆوە مەفرەزە لە زۆربەی كۆڵان و شەقامەكانی سلێمانیدا دادەنرێت بە مەبەستی رێگری لە زیادبوونی تاوانەكان.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، سەرجەم هێزەكانی سلێمانی دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بازگەی كاتی دادەنرێت بۆ گرتنی تۆمەتباران و داواكراوان، هەروەها چەندان تاوانبار گیراون لەو چەند ڕۆژە و لە چەندان تاوانیان ئەنجام داوە.

ئاماژەی دا، رۆژی 10ـی تشرینی یەكەم ئۆتۆبێلێكی دەبڵ لە جۆری نیسان لە گەڕەكی شارەوانی لە سلێمانی دزرا، لە 12ی  تشرینی یەكەم دوو تۆمەتبار كە تاوانەكەیان ئەنجام دابوو گیران و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكەشدا گیراوە كە لە شارۆكەیەكی سلێمانی بووە، كە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەیان گۆڕی بوو و كرابوو بەتابلۆی خوارووی عێراق.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی تەناهیی هەرێمی كوردستان چەندان هەڵمەتیان بە هاوكاری سەرجەم هێزەكان ئەنجام دا بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەك لەلای هاووڵاتییان و چەندان جۆر چەك و تاوانبار گیران.



وشە - رامیار جەواد