پارتی زانیاری لەسەر حكوومەتی نوێی كوردستان ئاشكرا دەكات

 به‌رپرسى مه‌كته‌بى پێوه‌ندییه‌ كوردستانى و عێراقییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕای گەیاند، پارتی هێڵی سووری بۆ هیچ لایەنێك نیە، بەڵام وەك كابینەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پۆست نابەخشینەوە و بەپێی بەشداربووانی حكوومەت پۆست دەدەین بەلایەنە سیاسییەكان.


ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، عەلی حوسێن به‌رپرسى مه‌كته‌بى پێوه‌ندییه‌ كوردستانى و عێراقییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان  بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان خاڵی هاوبەش بدۆزێتەوە و بەیەك تیمیش بەردەوام بچینە بەغدا. 

لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان كە ئێستە پارتی زۆرترین كورسی پەرلەمانی كوردستان بە دەست هێناوە و دەتوانێ‌ گفتوگۆكان لەسەر پێكهانی حكوومەت دەست پێ بكات ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، لە كابینەی نوێی حكوومەت ڕەچاوی بەركەوتەی هەڵبژاردن دەكرێت و وەك كابینەكانی تر پۆست نابەخشینەوە، بەپێی بەشداری لایەنەكان لە حكوومەت پۆستیان پێدەدرێت.

زیاتر گوتی، پارتی هێڵی سوور ناخاتە سەر هیچ لایەنێك، بەڵام ئەمجارە زیاتر چاو كراوە دەبین و بەرنامەی تایبەت بۆ پێكهێنانی حكوومەت دانراوە و بەپێی بەشداربووانی لایەنەكان پۆستیان پێ دەدرێت و پێداچونەوە دەكرێت لە پێدانی پۆستەكان.

 لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ڕابردوو پارتی زیاتر لە 44 كورسی پەرلەمانی كوردستان بە دەست هێناو یەكەم بوو لەسەر ئاستی كوردستان بەجیاوازییەكی زۆر لە دوای پارتی یەكێتی دێت كە نزیكەی 21 كورسی هێناوە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:09:13:14/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 6376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌