پەیامی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەبارەی مانگرتنی مامۆستایان

:: AM:10:52:15/10/2018 ‌
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەسەر مانگرتنی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات ژیان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی نەك ماموستا رێزی لێ ناگیرێ، بەڵكوو مافە سەرەتاییەكانیشی كە دابین كردنی ژیانێكی سەردەمیانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە بە هەند وەرناگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم، ناوەندی هەماهەنگی حیزبەكانی كوردستان ئێران لە ڕاگەیەندراوێك ئاماژەی داوە، مانگرتنی گشتی مامۆستایانی قوتابخانەكان لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران وكوردستان بە سەركەوتنەوە دەستی پێكرد. مامۆستایان ئەو توێژە كاریگەرەی كۆمەڵگان كە زۆرترین خزمەت بە ڕۆلەكانی گەل دەكەن. ئەوان شیاوی ژیانێكی زۆر باشن ولە سەرجەم كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان دا مامۆستایان وەك نموونە و پێشڕەوی كۆمەڵگا سەیر دەكرێن.

لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی نەك ماموستا رێزی لێ ناگیرێ، بەڵكوو مافە سەرەتاییەكانیشی كە دابین كردنی ژیانێكی سەردەمیانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە بە هێند ناگیرێ ولە ژیانێكی كۆڵەمەرگی دا رایاندەگرن و ئەوە لە حاڵێك دایە كە مامۆستایان خزمەتی منداڵانی وڵاتەكەیان دەكەن و بۆ دوارۆژ وئایندەی وڵات ئامادەیان دەكەن.

ئاماژە دراوە، مانگرتنی گشتی مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە لایەك بە‌ سیاسەتی هەڵە و شەرخوازانە و دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان و یارمەتی گەیاندنی مالی و لوجیستێكی بە تاقم و گروپە تیرۆوریستییەكانی ناوچە‌، لە لایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لە لایەكی دیكەوە لە هەمبەر هەلومەرجی نالەباری ئابووری مامۆستایان و كەمی مووچە، چوونەسەری قیمەتەكان، بێ بەها بوونی پوولی میللی، سەركوت و خەفەقان و نەبوونی ئازادی بەیان و نەبوونی پلانێك بۆ خوێندن بە زمانی زگماكی لە سەر ویست و داخوازیی كۆمەڵیك مامۆستای پێشرەو مانگرتنی گشتی لە ئاستێكی بەربەریندا بەرێوەچوو.
 
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوە ئاشكرا كراوە، لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی تێكۆشەر و خەباتگیری رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، بە هەر شێوەیەك بۆیان دەكرێ پشتیوانی لە داوا رەواكانی مامۆستایان كوردستان بكەن.



وشە - رامیار جەواد