88%ى خێزانەکانى کوردستان هەڵوەشاونەتەوە

:: PM:03:29:16/12/2016 ‌


بەگوێرەى ئامار و توێژینەوەیەکى تایبەت بەرێژەى 88%ى خێزانەکانى هەرێمى کوردستان بە هەڵوەشاوە دادەنرێن، ئەوەش لەپاڵ هەڵکشان و بەردەوامى توندوتیژییەکانى ناو خێزاندا کە شارەزایانى یاسایى دووپات لەوە دەکەنەوە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى، کەلێن و بۆشایى زۆرى تێدایە و لە هەندێک رووەوە کێشەى زیاتر بۆ خێزانەکان دروست دەکات.

سەفین ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی بە "وشە"ى راگەیاند، حاڵەتەکانى توندوتیژى دژ بە ژنان، هەڵوەشاندنەوەى خێزان و ناپاکى هاوسەرى بەرەو هەڵکشان چوون، ئەوەش بەپێى داتاى دادگەکانى هەرێمى کوردستان.

ئەو روونى کردەوە، بەپێى ئامار و داتا فەرمییەکان، بەرێژەى 50%ى هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوە کۆتایان هاتووە، لەکاتێکدا کە 38%ى هاوسەران پێکەوە خۆشبەخت نین و بەناچارى لە ژێر فشارى دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکەوە دەژین.

توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە زیاتر دەڵآ، "ئەو هاوسەرانەى بەناچارى پێکەوە دەژین، لەرووى رۆحییەوە خێزانى هەڵوەشاوەن و لە زانستى کۆمەڵناسیدا بە جیابوونەوەى رۆحى یان مەعنەوى ناو دەبرێن، کەواتە دەتوانین بڵێین بەرێژەى 88%ى خێزانى کوردى بە کردەنى و بە مەعنەوى هەڵوەشاونەتەوە".

ساڵى 2011 پەرلەمانى کوردستان یاساى ژمارە 8ى تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى پەسند کرد، ئامانجى یاسایەکە جگە لە پاراستنى مافى ئەندامانى خێزان، هاوکات پاراستنى پێکهاتەى خێزانە، بەڵام وەک شارەزایانى یاسایى و کۆمەڵایەتى دووپاتى دەکەنەوە، ئەو یاسایە ئامانجى خۆى نەپێکاوە.

توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە روونى دەکاتەوە کە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى، ئامانجەکانى خۆى نەپێکاوە، دەبوو بەپێى یاسایەکە دادگەى تایبەتمەند بە کێشەکانى خێزانى پێک بێت، بەڵام لە هیچ شارۆکە و شارەدێیەکدا دادگەى تایبەتمەند بوونى نییە و ئەوانەش لە سەنتەرى پارێزگاکاندان، وەک پێویست نین.

زیاتر دەڵێ، "ئەو پێناسەیەى لەو یاسایەدا بۆ خێزان کراوە کە تا خزمانى پلە چواریش دەگرێتەوە، رێگە خۆش دەکات بۆ دەستێوەردانى دەرەکى لەناو خێزانەکاندا و لە کێشەى نێوان هاوسەراندا".

وەک توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە دووپاتى دەکاتەوە، بەشێکى کێشەکان پێوەندییان بە ئاستى هۆشیارى کۆمەڵایەتییەوە هەیە کە یاسا ناتوانێت دروستى بکات و پێویست بە رێوشوێنى تر دەکات، لەکاتێکدا پسپۆڕانى یاسایى لەو باوەڕەدان یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى، لەرووى یاسایشەوە کێشە و بۆشایى تێدایە.

د. سامان عەبدوڵا عەزیز پسپۆڕ لە یاساى تاوانەکان و مامۆستا لە زانکۆى کۆیە بۆ "وشە" دەڵێ، "ئێمە پێویستمان بە دەرکردنى یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى نەبوو، چونکە ئەو تاوانانەى لەو یاسایەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، لە یاساى سزاکان و یاساکانى تر بەشێوەى رێکخراوتر و کاریگەرتر دەقیان لەسەر هاتووە".

ئەو دەڵێ، "ئێمە لە کوردستاندا کێشەى نەبوونى یاسامان نییە، کێشەى جێبەجێ نەکردنى یاساکانمان هەیە".

ئەو پسۆڕە یاسایییە روونى دەکاتەوە کە ئەو یاسایە هەرچەند یاسایەکى کورتە و لە 10 مادە پێک هاتووە، بەڵام چەندان هەڵەى زمانەوانى و دەربڕینى ناڕوونى تێدایە و "پێ دەچێت پەرلەمان ویستبێتى زۆر بە خێرایى ئەو یاسایە دەربکات".

مامۆستایەکەى زانکۆى کۆیە، ئاماژە بە چەندان هەڵە و مادەى ناو یاساکە دەدات کە دژى یاساى سزادان و یاساى بارى کەسێتى دەوەستنەوە و دەڵآ، لە بڕگەى دووەمدا کە تاوانەکانى توندوتیژى خێزانى ژماردووە، ئەوە راستەوخۆ پێچەوانەى گرنگترین بنەما یاسایییەکانى یاساى سزادانە کە بریتییە لە "تاوان و سزا نییە تەنیا بە دەق نەبێت".

"زۆر گرنگە یاسادانەر لە ڕووى ڕواڵەتى و بابەتى چاو بەو یاسایەدا بخشێنێتەوە، یان بەشێوەى سەرەکى هەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە یاساى سزادان هەموو ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە".

راژان حەسەن پارێزەرێکی ئافرەتە و لە کۆشکی دادی هەولێر کار دەکات، ئەو بۆ "وشە" دەڵآ، "ئەو یاسایە هۆیەکی توندوتیژییە، لەبری ئەوەی توندوتیژی کەم بکاتەوە، بەداخەوە یاسادانەر نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێت".

پارێزەرەکە هێما بۆ ئەوە دەکات، یاسادانەر دەبێت بەگوێرەی عەقڵیەتی تاکی کۆمەڵگە یاسا دابڕێژیت، بە پێچەوانەوە یاسا زیانی زیاتر دەبێت.


هەولێر- هاوڕى چۆمانى




وشە - باز ئه‌حمه‌د