ڕێكخراوێكی مەدەنی: 16ی ئۆكتۆبەر بكرێتە ڕۆژی خیانەتی نیشتمانی

:: PM:03:45:15/10/2018 ‌
ئەنجوومەنی شەقام بۆ ماف و ئازادییەكان لە ساڵڕۆژی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی گرووپێكی ناو یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە،  دەبێ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەك ڕۆژی خیانەتی نیشتمانی دیاریی بكرێ و هەموو ساڵێك لەو ڕۆژە نەفرەت لە خیانەتكردن لە نیشتمان بكرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەی ئەنجوومەنی شەقام بۆ ماف و ئازادی هاتووە، هاووڵاتیانی بەشمەینەتی كوردستانیانی خۆشەویست ئەوە یەك ساڵ گوزەری كرد بەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی سوپا و حەشدی شەعبی عێراق بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، ڕووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەری 2017  بە خیانەتی نیشتمانی پێویستە تۆمار بكرێت و لە هزری ئیستە و داهاتووی  كوردستانیان بچەسپێنرێت و  سازدانی كۆڕبەند و هەیئەی نیشتمانی و فەرمی ( وەك  پەرلەمان ) بۆ لێكۆڵینەوە و بە دادگا گەیاندنی كاراكتەرەكانی ئەو ڕووداوانە و تەواوی خولقێنەری هۆكارەكانی دروستبوونی شانزەی ئۆكتۆبەر.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پێویستە بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی تایبەت بە ڕووداوەكە هەبێت و بە بەشداری كەسایەتییە نیشتمانی و نەتەوەییە بێلایەنەكان بەشداری تێیدا بكەن و داواكارین هەر كەسایەتیەكی سەربازی  وسیاسی و ئیداری، یان  گروپێك یان حزبێك، كە بەجۆرێك لە جۆرەكان دەستی هەبووە لە خوڵقاندنی رووداوەكە و سووچی هەبوو ئەوا لەبەردەم رای گشتیدا داوای لێبووردن ڕابگەیەنێت.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، خوازیارین جەماوەری كوردستان نەیەڵن ڕووداوێكی وا بە سانایی و ئاسایی تێپەڕ ببێت، چونكە ئەوە خەڵك و جەماوەرە دەتوانێت دواجار  بریار لەسەر ڕووداو و باسەكان بدات ، بۆ ئەوەی ئەم بابەتەیش هەر وەك  وێستگە ترسناك و خیانەكانی تر تێنەپەڕێت، هەروەها پێویستە قەرەبووی كەس و كاری شەهیدان و قوربانیانی ناو ڕووداوەكە بكرێتەوە ( بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە، وەك: كەركوك و دوزخورماتوو وە هەموو شار و شارۆچكەكانی تریشەوە ).

 لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و كەركووكیان ڕادەستی میلشیاكان كرد، بەوهۆیەوە 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارە بوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی تر سووتێنران و تەقێنرانەوە، تاڵانی و كوشتوبڕی كورد بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی و بە عەرەبكردن بە چڕی دەستی پێ كردووەتەوە و زمانی كوردی لە ناوچەكە قەدەغە كراوە.



وشە - رامیار جەواد