مه‌لا به‌ختیار له‌ سالڕۆژی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر:وه‌ك هه‌لپه‌رسته‌كان نیم بۆچوونی خۆم بگۆڕم

:: AM:11:30:16/10/2018 ‌
مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵڕۆژی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رزه‌ ئه‌قڵه‌كان و فه‌یسبووكبازه‌كان یه‌كێتی و باشوور به‌ره‌و دووئیداره‌یی و كاره‌سات ده‌به‌ن، هێمایش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌مان په‌یامی ساڵی ڕابردووی هه‌یه‌ بۆ سالڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و وه‌ك هه‌لپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رسته‌كان نیم كه‌ بۆچوونه‌كانی خۆیان گۆڕیوه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار كه‌ به‌ناوی "16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕۆژه‌ شوومه‌كه‌ی كوردستان" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی داوه‌، به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌مان ئه‌و په‌یام و وتاره‌م بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دوو ڕۆژ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ 18ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بڵاومكرده‌وه‌، ئێسته‌یش هه‌مان ئه‌و بۆچوونانه‌م هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكات نووسیومن، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و هه‌لپه‌رسته‌كان بۆچوونی خۆیان گۆڕی، ئه‌مه‌یش ده‌قه‌ی په‌یامه‌كه‌مه‌ كه‌ ئه‌وكات بڵاوم كرده‌وه‌.

پەیامێكی ئاواڵە لە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیەوە

دۆخی كوردستان، گەیشتۆتە هەڵدێرێكی مەترسیدار. دەمەوێ‌ بەم پەیامە، گەلە دڵسۆزەكەمان‌و پێشمەرگە قارەمانەكان‌و كەسوكاری شەهیدان‌و تەواوی لایەنە سیاسیەكان ئاگادار بكەم كەوا:
بەش بەحاڵی خۆم، چاوەڕێ‌ دەكەم پەرلەمانی كوردستان، یان هەر كۆمیتەیەكی شارەزای بێلایەن، هەڵسەنگاندێكی قوڵی هەمەلایەنە، بەبەڵگەوە، لەسەر كۆی روداوەكان بكات، بە روداوی كارەساتباری كەركوكیشەوە، لەسەر هەركەس‌ و گروپ‌ و لایەنێك، هەر تاوانێك سەلمێندرا، ئەوكاتە دەبێ‌ دادگا توندترین سزایان بدات. لەناو یەكێتیشدا، بەهەمانشێوە، هەڵسەنگاندن لەسەر هۆكارە راستەقینەكانی كێشە و روداوەكانی ناو یەكێتی، بكرێ‌. هەتا سەرئەنجامی هەڵسەنگاندن، بە بەڵگەی تەواوەوە، روداوە كارەساتبارەكان، ساغنەكاتەوە، پێشوەخت، تومەت دابەشكردن لە راگەیاندن‌و لە چاوپێكەوتنەكاندا، كارێكی ناشایستەیە. كە بێگومان، ئەم روداوانە، لەخۆڕا رویاننەداوە. هەرلایەك بەپێی سەنگی خۆی‌و هەموو كاربەدەستێكیش، بەپێی پێگەكەی، پشكی كارەسات‌و روداوەكانی بەردەكەوێ‌.
بەش بەحاڵی خۆم، نەك لەم دوو هەفتەیەدا، بەڵكو لەدوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، رەنجی فەرهادم داوە، هەم لەناو یەكێتیداو هەم لە نێوان یەكێتی‌ و پارتی ‌و لایەنەكانی تریشدا، هاوكات نێوان هەرێم‌ و بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەكە، سیاسەتێكی ئەقڵانی هاوسەنگ بگیرێتەبەر. بەڵام مەخابن، لەبەشێكی بەرچاوی ئەو سیاسەتەدا، بەهۆی هەلپەرست‌و هەرزەكارانەوە، شكستمان خوارد!
سەبارەت بە ریفراندۆمیش، پاساوم بۆ رەخنەفرۆشان نەهێشتۆتەوە تانە بخەنە سەر هەڵوێستەكانم. بۆ یەكەمین جارە دەیڵێم: من، بەردەوام لە كۆبوونەوەی دووقۆڵی یەكێتی‌و پارتی‌و سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكگرتوشدا، هەروەها لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیشدا، سور بووم لەسەرئەوەی بەدیلی ریفراندۆم قبوڵ بكەین‌ و لەگەڵ ئەمریكا، بەریتانیا، دەوڵەتانی ئیقلیمی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ‌و حكومەتی عێراق، گفتوگۆیەكی بەرپرسانە بكەین. بەڵام لەناو رای گشتی گەلەكەشماندا، دڵی یەك هاوڵاتی كوردستانیشم، لە داكۆكی بۆ مافە دیموكراسیەكان، ساردنەكردۆتەوە. چەند هەڵە و چەندیش لەو سیاسەتە راست بوبین، وەكو یەكێتی، با ئەمەشیان جێبهێڵم بۆ هەڵسەنگاندن‌و توێژینەوە.
جەماوەری سەربەرزی كوردستان!
بەم پەیامە ئاواڵەیە، هەموو لایەك ئاگادار دەكەمەوە كەوا:
یەكەم: مەترسییەكی گەورە لەسەر باشوور و هەرێمی كوردستان هەیە، كە ببێتە دوو ئیدارەیی‌ و دوو ئیدارەییش، لێكەوتەی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتی نەخوازراوی لێ چاوەڕوان دەكرێ‌.
دووەم: یەكێتی، سەرەنجامی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال (پێشتریش) گیروگرفتەكانی نزیك كەوتونەتەوە لە بنبەست‌ و مەترسی جیابوونەوەیەكی گەورە، هەڕەشە لە یەكێتی دەكات. هەلپەرست ‌و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی‌ و فەیسبوكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان وتویانە: "دز بازاڕی شێواوی هەیە".. ئەمانەش، لەناو هەموو رەوت ‌و جەمسەرەكاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابوردودا بەگشتی ‌و لە دوو مانگی رابوردودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە، لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە. كە بەداخەوە بەشێك لەئامانجە گڵاوەكانیان هێناوەتەدی!
گەلی لێقەوماومان!
دوو ئیدارەیی ‌و جیابوونەوەی ناو یەكێتی، یان جیابوونەوەی ناو یەكێتی‌ و دوو ئیدارەیی، لەم هەلومەرجەی دوای كارەساتی كەركووك، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان بەیەكەوە هەیە.
هەر كوردێكی بەشەرەف ‌و هەر یەكێتیەكی دڵسۆز، ئەگەر بیەوێ‌، دوای كارەساتی عەسكەری كە لەناوچە كێشەلەسەرەكاندا (بە شارە ئازیزەكەشمەوە خانەقین) بەسەرماندا هاتووە، راماننەكێشێت بۆ كارەساتی سیاسی ترسناكتر، هەقوایە، دڵسۆزان چەند دژی جیابوونەوەی هەرێمن، هێندەش پەرۆشی یەكڕیزیی یەكێتی ناو یەكێتی بن.
بەندە، رایدەگەیەنم، دژی جیابوونەوەم لەناو یەكێتیدا و دژی دوو ئیدارەییم. بەتوندی دژی ئەوەشم جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی، هیچ رێگەیەكی تر بگیرێتەبەر. بۆیە پێدادەگرم لەسەرئەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، تەواوی دەسەڵاتی حزبی‌و سیاسییان هەبێ‌. هیچ كەسێك‌ و هیچ بنەماڵەیەك، بۆی نەبێ‌، لەباتی ئۆرگانە رەسمییەكانی یەكێتی، بڕیار بدات. یان كۆبوونەوە لەگەڵ هیچ لایەكدا بكات.
هەڤاڵە دێرین ‌و نوێكان دەمناسن، لەهیچ قۆناغێكدا، خۆم لەبەرپرسیارێتیی نەدزیوەتەوە. بەڵام دۆخەكەی كوردستان‌ و بەداخەوە هی ناو یەكێتیش وایلێهاتووە بڵێم:
چیكە، ناتوانم ئاژاوە لە ئاژاوەگێڕان قبوڵ بكەم. هەتا ئێسته‌ لەبەرخاتری كەسوكاری شەهیدان‌ و سەرۆك مام جەلال‌ و پێشمەرگە و مێژووی یەكێتی خۆم بە نیمچە بەرپرسیار لەناو یەكێتی ‌و لە ویژدانی خۆمدا زانیووە، ئەوەی لەتواناشمدا بووبێ‌، هەوڵم داوە بۆ چارەسەر، بەڵام لەمەودوا ئەو نیمچە بەرپرسیارێتیەش كاریگەری نەماوە لەناو هاوكێشەكاندا، بۆیە پێشكەشی ئەوانەی دەكەم، لەناو هەموو جەمسەرەكاندا، هەڵپەیانە مەرام‌ و نەخشەكانیان دوای مردنی سەرۆك مام جەلال بەدیبهێنن. تەنیا بەیاننامەكان ‌و چاوپێكەوتنی داهۆڵەكان بژمێردرێ‌، ئیتر ساغدەبێتەوە چ نەخشەیەكی شاردراوە، لەئارادایە. رەخنە تێكەڵ بە رق ‌و رقیش پیلانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ داڕێژراوە.
جەماوەری گەلەكەمان هەرچی رەخنە و ناڕەزاییان هەیە بەرامبەرمان، هەقیانە. بەڵام هەلپەرست‌ و بازرگان ‌و ئاژاوەگێڕان، لەباتی ئەوەی دەست بە كڵاوی شكستەكانیان بگرن، نەكا رەشەبای توڕەیی خەڵك بیبات، كەچی هێشتا زمانیان پاراوەو پاساویان سازە و تەلەڤزیۆنەكانیشیان داگیركردووە!
لەكۆتاییشدا، جەخت دەكەمەوە، لەهیچ كۆبونەوەیەكدا بەشداری ناكەم، ئەگەر كۆبونەوەكە شەرعیی نەبێ‌‌ و دوا دەسەڵاتی سیاسی‌ و حزبی، نەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هەرگیز هەژموونگەری هیچ كەسێك‌ و هیچ بنەماڵەیەك ‌و هیچ دەستەگەرییەك، قابیلی قبوڵ نییە بۆم. چونكە كولتووری سیاسی یەكێتی وابووە. نەك ئەمەی دەگوزەرێ‌.
داوای لێبوردنیش دەكەم لەمكاتەدا، كە گەلەكەمان دوچاری باری نالەبار هاتووە، بەندە، ئەم پەیامە بڵاودەكەمەوە. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر پەیامەكەم زۆر بەپێویست نەزانیبا، وەكو ساڵانی رابوردوو، خۆمم دەخواردەوە و ئەركەكانیشم رادەپەڕاند. بەڵام ئێستا، بەش بەحاڵی خۆم، ئیتر قسەنەكردن بە تاوان دەزانم، دیارە قسەی ئێجگار زۆرترم پێیە لەسەر روداوەكان‌ و كێشەكان‌و دیاردە دزێوەكان، لەسەرانسەری كوردستاندا.. بەڵام نامەوێ‌ بە كار و كاردانەوە هیچ بڵێم، پێشینان گوتەنی: قسە لەكاتی خۆی ‌و لە جێی خۆی. تەنها شانازیشم ئەوەیە كە هەركاتێك بێمە دەنگی تەواو، نە قەرزارباری حكوومەتم‌ و نە هیچ كەسێكی تر. منەتی هیچ لایەكیش نازانم بۆ ئەستۆپاكی. خۆم تەنیا بە قەرزارباری كەسوكاری شەهیدان‌و پێشمەرگە غەدرلێكراوەكان دەزانم‌و بەس.
مەلا بەختیار
2017/10/18



وشە - باز ئه‌حمه‌د