پیلانێكی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر شكستی هێنا

:: AM:09:47:17/10/2018 ‌
بڕیار بوو دوێنێ‌ یەكێتی بەهاوكاری توركمان و عەرەبەكان ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كارا بكاتەوە و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژێرن، بەڵام توركمانەكان بە ئاشكرا پێیان گوتوون یان پارێزگارێكی دەسەڵات لاواز یان هیچ شتێك.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تشرینی یەكەم، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، دوێنێ‌ پلانێكی گەورە دژی كورد هەبوو، بەڵام بە هۆشیاریی خۆمان، خۆمان لێ‌ دەرباز كرد.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن كە نەیویست ناوی بهێنرێت بۆ "وشە" گوتی، پاش ئەوەی نەتوانرا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگری پارێزگار ئەنجام بدرێت، بەهۆی پاشگەزبوونەوەی توركمانەكانەوە بوو.

ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بە ڕێككەوتنی نێوان توركمان و عەرەب بڕیاریان دابوو هەردوو پۆستەكە بۆ خۆیان یەكلا بكەنەوە وەك ئامرازێك یەكێتی و ئێمەش بەكار بهێنن، بەڵام دواتر ئێمە هێشتە نەچووبووینە ئەنجوومەن و لەو پلانە تێگەیشتین و كەركووكمان جێهێشت.

ئاماژەی دا، دوێنێ‌ توركمان و عەرەبەكان دەیانگوت با تەنیا سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژێرین كە بڕیاربوو بدرێت بەوان، با پارێزگار و جێگری پارێزگار بمێنێتەوە بۆ دانیشتنەكانی تر، ئەمەیش بۆ خۆ ڕێكخستنەوەیان بوو كە پارێزگار ئەگەر كورد بوو بە دەسەڵاتێكی لاوازەوە بێت و وەك فەرمانبەرێك و سەرجەم دەسەڵاتەكانی بۆ جێگرەكەی بێت یان پارێزگار بە ڕێككەوتنی توركمان و عەرەب بۆ عەرەب بێت.




وشە - رامیار جەواد