باوك و كوڕێك بەیەكەوە ئۆتۆمبێل دەدزن

:: PM:03:44:17/10/2018 ‌
لە شارەدێیەكی سەر بە هەولێر، باوك و كوڕێك بەیەكەوە ئۆتۆمبێلێك دەدزن و لەلایەن پۆلیسی هەولێر گیران.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار كرد لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەسنەزان كە ئۆتۆمبێلەكەی لە بەردەرگا وەستاندووە و نەماوە، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و توانییان لەماوەی كەمتر لە نۆ سەعات دوو تۆمەتبار بگرن.

عەقید عبدلواحید سەعید حەسەن بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەسنەزان بە پۆلیسی هەولێری ڕاگەیاندووە، لەلایەن هاووڵاتییەك ئاگادار كراینەوە ئۆتۆمبێلەكەی لە سەعات پێنجی ئێوارە لە بەردەرگا نەماوە، ئێمەش دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و بە پشتبەستن بە كامێرای چاودێری، توانیمان ناسنامەی تۆمەتبارێك ئاشكرا بكەین و لە سەعات 10ـی شەو دۆزرایەوە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاشكرای كردووە، دوای وەرگرتنی فەرمانی گرتن لەلایەن دادوەر، توانیمان لە سەعات دووی نیوی شەو تۆمەتبار بەناوی (ن. ق. ا)ی تەمەن 23 ساڵ بگرین، تۆمەتبار دوای گرتنی دانی نا بە تاوانەكەی كە بە هاوكاری باوكی بەناوی (ق. ا. ق)ی تەمەن 47 ساڵ هەڵساون بە دزینی ئۆتۆمبێلێك لە جۆری (تۆیۆتا كڕۆلا تاكسی)، لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكە باوكی جلی پاكگوزاری لەبەر دەكات بەهۆی ئەوەی ناسیاوی خاوەن ئۆتۆمبێلەكە بووە، هەڵساوە بە كۆپیكردنی كلیلی ئۆتۆمبێلەكە، دواتر ئۆتۆمبێلەكە دەدزێت و دەیباتە شوێنێكی نادیار.

ئاماژە دراوە كە ئێستە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێك خرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراوە و دادوەر بڕیاری دا گرتنی هەردوو تۆمەتبار بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی.




وشە - رامیار جەواد