ئەمەریكا: تا ئێستەیش چەكدارانی داعش لە توركیاوە دێنە ناو خاكی سووریا

:: PM:07:03:17/10/2018 ‌

سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمەریكا وریایی لە بەردەوامی هاتنی چەكدارانی داعش لە توركیاوە بۆ ناو خاكی سووریا دا و رای گەیاند كە تا ئێستە مانگانە 100 ئەندامی داعش لە توركیاوە بۆ ناو خاكی سووریا دێن.

جۆزێف دانفۆرد، دوێنێ سێشەم لە میانەی قسەكانی لە كۆنگرەی نەهێشتنی توندڕۆیی گوتی، سەرەڕای كەمبوونەوەی رووبەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بەڵام تا ئێستەیش چەكدارانی نوێ دێنە ریزی رێكخراوەكە لە سووریا كە زۆرینەیان لە سنوورەكانی توركیاوە دێن. 

زیاتر گوتی، هاتنی ئەو چەكدارە نوێیانە و گواستنەوەی پێداویستی سەربازی بۆ داعش و رەخساندنی دۆخی لەبار بۆیان بواری كاركردنی ئەوان زیاتر دەكات، بۆیە هاتنی چەكدارانی داعش بۆ سووریا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بەتایبەتی كاتێك وڵاتانی دنیا رەتی دەكەنەوە چەكدارانی داعشی گیراو لای هێزەكانی سووریا دیموكرات وەربگرنەوە كە ژمارەیان دەگاتە 700 چەكدار لە زیاتر لە 40 دەوڵەتی دنیا.  

لە 11ی ئەم مانگە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" لە نووری مەحموود، گوتەبێژ بەناوی یەكینەكانی پاراستنی گەلی گواستەوە كە نزیكەی 900 چەكداری تیرۆریستی رێكخراوی داعشیان لە زیندانەكان بەدەستەوەیە و ئەوان بەرەگەز بۆ 44 دەوڵەتی دنیا دەگەڕێنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل