ستیڤان دیمستورا ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌

:: PM:07:28:17/10/2018 ‌

ستیڤان دیمستورا، نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سووریا راى گه‌یاند له‌ كۆتایى مانگى داهاتوو ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌.


 ئه‌مڕۆ چوارشه‌م دیمستورا له‌ گوته‌یه‌كى له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى راى گه‌یاند، له‌ كۆتایى مانگى داهاتوو له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكارى كه‌سى، ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌.


 دیمستورا له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو نێوه‌ندگیرى له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمى سووریا ده‌كرد، بۆئه‌وى ته‌نگژه‌ى ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن بێت. له‌ دوایین ئه‌ركیدا دیمستورا راى گه‌یاند كه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ره‌و دیمه‌شق ده‌چێت و سه‌ردانه‌كه‌یشى بۆ دیمه‌شق له‌سه‌ر داواى ده‌سه‌ڵاتدارانى رژێمى سووریایه‌ بۆ تاوتوێكردنى دۆسیه‌ى دانانى ده‌ستوورێكى نوێ بۆ ئه‌ووڵاته‌.


دواى ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی، له‌ ساڵى 2014 ستیڤان دیمستورا وه‌ك نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سووریا ده‌ستنشیان كرا.

ئه‌و دیپلۆماتكاره‌ جیهانییه‌ له‌ ساڵى 1947 له‌ سوید له‌دایك بووه‌ و دواتر له‌ ئیتاڵیا ژیاوه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ى ئیتاڵى وه‌رگرتووه‌، ماوه‌یه‌كى زۆریش له‌م وڵاته‌ به‌رپرسیاریه‌تى وه‌رگرتووه‌، جیا له‌وه‌یش له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چه‌ندان ئه‌ركى پێ سپێردراوه‌، دوایینیان به‌ڕێوه‌بردنى دانوستانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمى سووریا بوو.


 

سه‌رچاوه‌/ سكاى نیوز


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل